Hamdi Yıldız
22 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2022
نابلوس – AA
گەنجێکی فەڵەستینی بە ناوی ئەحمەد عاتف مستەفا تەمەن ٢٣ ساڵ لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری نابلوس باکووری کەناری رۆژئاوای داگیرکراو کوژرا.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی فەڵەستین بڵاوی کردەوە کە سەربازانی ئیسرائیل بەمەبەستی پاراستنی ژمارەیەک جوولەکە کە بەنیازبوون سەردانی مەزارگەی "گوڕی یوسف" بکەن هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوچەیەک لەنزیک مەزارگەکە.
گەنجانی فەڵەستینی لە دژی هەڵکوتانەسەرەکە وەستاونەتەوە و سەربازانی ئیسرائیلیش بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی دەنگی رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە.
بەهۆی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بەچڕی، مەترسی خنکان لەسەر گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ دروست بوو.
لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل گەنجێکی فەڵەستینی بە ناوی ئەحمەد عاتف مستەفا تەمەن ٢٣ ساڵ شەهید بوو و چوار فەڵەستینی دیکەیش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی فەڵەستین لە سەرەتای ٢٠٢٢ەوە تاکوو ئێستا بە ئەحمەد عاتف مستەفا-وە ٢٢٤ فەڵەستینی لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە کوژراون.