واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی راگەیاند: "پێویست ناکات نیگەران بن، لە پاڵ ئۆکراینا دەوەستین".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە ٢٤ی شوبات لە واشنتۆن لەگەڵ جۆ بایدن کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە کۆشکی سپی لێدوانی دا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بایدن ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ژێرخانە گرنگەکانی ئۆکراینا بە ئامانج دەگرێت و پەرەی زیاتری بە شەڕەکە داوە.
جۆ بایدن رایگەیاند کە ٣٠٠ رۆژە گەلی ئۆکراینا خۆشەویستی خۆیان بۆ وڵاتەکەیان و ئیرادەی نەگۆڕی خۆیان نیشانی رووسیا و جیهان دەدەن.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا رایگەیاند کە گەلی ئەمریکاش ئیلهامیان لە ئیرادەی ئۆکراینییەکان وەرگرتووە و پشتگیری لە هاوکارییەکانی حکوومەتی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەکەن.
جۆ بایدن رووی لە ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی کرد و گوتی: "جەنابی سەرۆک، پێویست ناکات نیگەران بن، لە پاڵ ئۆکراینا دەوەستین".
- "(پوتین) ناتۆی بەهێزتر کرد"
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لە ساڵی ٢٠٢٣ گۆڕانکاری لە ئامادەیی ئەو بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا روودەدات یان نا، ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستا نەیبینیوە ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا بەو شێوەیە یەکگرتوو بن و گوتی: "هیچ گۆڕانکارییەکم لەم بابەتەدا (ئیرادەی وڵاتانی ئەورووپا) بەدی نەکردووە. لێرەدا هەموومان دەزانین چ شتێک لە مەترسیدایە. هاوبەشە ئەورووپییەکانمان ئەوانەن کە بە باشترین شێوە لەم بابەتە تێدەگەن. لە ئەورووپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەمانبینیوە وڵاتێک وڵاتێکی دیکە داگیر بکات. بیرۆکەی سەروەری و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مەترسیدایە. (پوتین) پێی وابوو ناتۆ لاواز دەکات، بەڵام لەبری ئەوە ناتۆی بەهێزتر کرد".
جۆ بایدن کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا رێگای کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا چییە لە وەڵامدا، رایگەیاند کە ئەم جەنگە دەتوانێت بە فەرمانی پوتین بە کشانەوەی هێزەکانی کۆتایی پێ بێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە ناکات لەئێستادا ئەمە رووبدات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا ئەوەی کە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئوکراینا تەوەری سەرەکی باسیان ئەوەبووە کە بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی ئۆکراینا بۆ سەرکەوتن لە شەڕەکەدا و رایگەیاند کە ئەوان دەتوانن لە بەرەکانی شەڕدا بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکان سەرکەوتوو بن.
لە وەڵامی پرساری ئەوەی لەکاتێکدا وڵاتەکەی سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی بۆ ئۆکراینا ناردووە ئایا کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ رووسیا دەبێت یان نا، جۆ بایدن رایگەیاند کە ئەم چەکە تەنها بۆ مەبەستی بەرگرییە و پەرە بە گرژییەکان نادات.
- ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی: "سیستەمی بەرگریی (پاتریۆت) بۆ ئۆکراینا زۆر گرنگە"
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە ئەم سەردانەی بۆ ئەمریکا "مێژووییە" و گوتی: "لە کۆتا ٣٠ رۆژی جەنگەکەدا، چووینە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا و بووین بە هاوپەیمانی راستەقینە".
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن-ی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و رایگەیاند کە ئەو پاکێجی هاوکارییە دوو ملیار دۆلارییەی کە لەلایەن جۆ بایدن-ەوە راگەیەندراوە، بۆ ئەوان (ئۆکراینا) زۆر گرنگە.
گوتیشی: "ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ئاسمانێکی سەلامەت بۆ ئۆکراینا، تەنها بەم شێوەیە دەتوانین کۆتایی بە هێرشە تیرۆریستییەکانی وڵاتی تیرۆریست (رووسیا) بۆسەر سەرچاوەکانی وزە و گەلەکەمان و ژێرخانەکانمان بهێنین".
- پێشنیاری لووتکەی ئاشتی
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە رووسیا لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت لەو کارانەی ئەنجامی دەدات، لەلایەکی دیکەشەوە زۆر گرنگە هاوکێشەیەک بۆ بونیاتنانی ئاشتی دروست بکرێت.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەوەیشی خستەڕوو کە لەم چوارچێوەیەدا، هەندێک هەنگاویان ناوە و ئەمەیان بە ئەمریکا گەیاندووە و هەندێک پێشنیازیان بۆ لووتکەی ئاشتیی نێودەوڵەتی خستووەتەڕوو و هیوادارن ئەمریکا هاوکاریان بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێشنیارانە.
- "ئەوان بۆ 'تۆڵەسەندنەوە' دەژین"
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە هیوای ئاشتی دەخوازن، بەڵام لە دژی "ستەمکاریی رووسیا" دەجەنگن.
زێلێنسکی بە ئاماژەدان بەوەی کە دەربڕینی "ئاشتیی دادپەروەرانە" بۆ هەموو کەسێک مانای جیاوازی هەیە، گوتی: "چەندین دایک و باوک منداڵەکانیان لە بەرەکاندا لەدەستداوە، "ئاشتیی دادپەروەرانە" بۆ ئەوان مانای چییە؟ پارە و قەرەبووکردنەوە بۆ ئەوان هیچ بەهایەکی نییە. ئەوان بۆ 'تۆڵەسەندنەوە' دەژین".
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە پەیامی چییە بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە وەڵامدا گوتی: "کاتێک بووم بە سەرۆک لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ پوتین لە شاری نۆرماندیا کۆبووینەوە. پێم گوت 'نابێت لەشکرکێشیی سەرتاسەری بۆ سەر وڵاتەکەمان بکرێت، بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان پێویستە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کێشەکان بدۆزینەوە و نەوەک پەنا بۆ شەڕ ببەین'. ئەو گوتی: 'شتی وا روونادات'. بەڵام، ئەو درۆی کرد".
news_share_descriptionsubscription_contact

