بەغدا
لە ناوەڕاستی شاری بەغدا هێرشێكی خۆكوژی روویدا و لە ئاكامدا 17 كەس كوژران و 20ی دیكە بریندار بوون.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، كەسێك كە پشتێنێكی بۆمبڕێژكراوی لەخۆ بەستبوو، لە ناو حوسەینییەی ئەبو تمەن لە بازاڕی شۆریجە لە ناوەڕاستی بەغدا خۆی تەقاندەوە و لە ئاكامدا 17 كەس كوژران و 20ی دیكە بریندار بوون.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمە ئاماری سەرەتاییە و پێشبینی دەكرێ ژمارەی قوربانییەكان بەرزبێتەوە، چونكە برینی هەندێ بریندارەكان زۆر سەختە و ئەگەری گیانلەدەستدانیان هەیە.
هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە و حكومەتیش هیچ لایەنێكی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار نەكردووە.
بەر لەم هێرشەش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی سەدر لە رۆژهەڵاتی بەغدا تەقییەوە و لە ئاكامدا پێنج كەس كوژران و هەشتی دیكەش بریندار بوون.