هەولێر
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بەكر كەریم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە هەموو ئامادەباشییەكمان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی تاقیكردنەوەكە كردووە و سەرجەم پێدوایستییەكانیشمان دابین كردووە، هەر هۆڵێكی تاقیكردنەوەش 100 خوێندکاری تیادا دەبێ و دوو یاریدەدەریش چاودێری پڕۆسەكە دەكەن."
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاجەر داود رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە سەرجەم پێدوایستییەكانی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی تاقیكردنەوەكە ئامادە كردووە، هەروەها چاودێریشی بۆ هوڵی تاقیكردنەوەكان دابین كردووە.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوش كرد، دەبێ بەڕێوەبەر و مامۆستا و چاودێرانی هۆڵی تاقیكردنەوەكان بە ئەركێكی بەرپرسیارانە پڕۆسەی تاقیكردنەوەكە بەڕێوە ببەن.
سبەی 114 هەزار و 50 خوێندكار لە هەزار و 800 هۆڵ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان بەشداری لە تاقیكردنەوە گشتییەكانی خولی یەكەمی قۆناغی ئامادەیی بەشەكانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی دەكەن.