Zana Natık Kerem
19 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2017
ریاز ــ AA
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز لە شاری ریاز پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئەمریكا، جیمس ماتیس كرد و دواتر كۆبوونەوە.
ئاژانسی هەواڵی سعوودیە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، سەلمان بن عەبدولعەزیز و جیمس ماتیس پتەوكردنی پەیوەندییەكانی دۆستایەتی و ستراتیجی نێوان سعوودیە و ئەمریكایان تاوتوێ كردووە بە تایبەتیش لە بواری بەرگریدا.
ئاژانسەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە كۆبوونەوەکەدا، شای سعوودیە و وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وردی گفتوگۆیان كردووە لەبارەی دوایین پێشهات و رووداوەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
دوێنێ سێشەممە، جیمس ماتیس لە یەكەم وێستگەی گەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە.
لەو كاتەی لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو پۆستی وەزیری بەرگری ئەمریكای وەرگرتووە، ئەمە یەكەمجارە جمیس ماتیس گەشت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ئەنجام دەدات.
پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، ئەم گەشتەی جمیس ماتیس كە بۆ ژمارەیەك وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەستی پێكردووە هەریەك لە سعوودیە، میسر، ئیسرائیل، قەتەر و جیبوتی دەگرێتەوە و بەردەوام دەبێت لە ١٨ بۆ ٢٣ی ئەم مانگە.