Hemn Baban
06 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2018
ھەولێر-AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، عەبدولستار مەجید رایگەیاند "ھێشتا دەستلەکارکێشانەوەی وەکو وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری لەسەر پشکی کۆمەڵ لە لایەن حکوومەتەوە قبووڵ نەکراوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانییان لە شاری ھەولێر کرد، بە مەبەستی پێرۆزبایی لە ٢٤ەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتوو، شاندەکەش چەند بەرپرسێکی پلە باڵای کۆمەڵی ئیسلامی لەخۆگرتبوو.
لە پەراوێزی ئەو سەردانەی شاندەکە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، عەبدولستار مەجید لەوبارەیەوە بۆ راگەیاندنەکان جگە لە پیرۆزباییەکەیان بۆ یەکگرتووی ئیسلامی باسی چەند پرسێکی دیکەشی کرد، ئەو لەسەرەتاوە گوتی: "ئێمە وەکو شاندێکی کۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مەکتەبی سیاسیی برایانی یەکگرتووی ئیسلامیمان کردووە بە بۆنەی ساڵرۆژی دامەزراندنییان لە شەشی دوو، ئێمە پێمان وایە وەکو کۆمەڵ و یەکگرتوو مێژوویەکی دوور و درێژمان ھەیە لە برایەتی و ھاوخەباتی و لە قۆناغەکانی رابردوو ھاوبەشیمان ھەبووە لەو پڕۆژانەی پێویست بوون بۆ ھەرێمی کوردستان لە گۆڕانکاری و چاکسازی. لە قۆناغی پێشووتر پێش کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێمە ئۆپۆزسیۆن بووین پێکەوە و لێژنەی ھاوبەشمان پێکەوە ھەبووە، ئەو برایەتی و تەبایی و ئەو ھەنگاوەی ئەو مێژووەی لە رابردوودا ھەمانبووە بەردەوام دەبین لەسەری بۆ خزمەتکردنی خەڵک و ھەرێمی کوردستان بە ئاراستەی چاکسازی و گۆڕانکاری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و بە دامەزراوەیکردنی دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".
لەبارەی یەک لیستیی ئیسلامییەکان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید کە وەزیرێکی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ماوەیەکە بە ھۆی کێشە سیاسییەکانەوە حزبەکەی لە حکوومەت کشاوەتەوە و ئەمیش دەستی لەکارکێشاوەتەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "لە قۆناغەکانی رابردوو ھەوڵێکی زۆر دراوە، وردەکارییەکی زۆر دراوە، ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی بڕیارمان داوە لە ھەڵبژاردنی کوردستان بە لیستی سەربەخۆی خۆمان دابەزین، ئەسڵەن جارێ دیار نییە ئەو ھەڵبژاردنەی ھەرێمی کوردستان کەی دەکرێت و ئایا دەکرێت یان نا؟، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو شتەکان قابیلی گفتوگۆن".
ناوبراو لەبارەی یەک لیستیی حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکرن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق کە بڕیارە لە ١٢ ئایاری داهاتوو ئەنجامبدرێت گوتی: "ئێمە لە سەرەتاوە و لە ئێستاشدا وەکو کۆمەڵی ئیسلامی ئامادەییمان نیشانداوە کە کورد ھەموومان بە یەک لیست دابەزین و ئەوەش بە ھەنگاوێکی گرنگ دەزانیین بەتایبەت لەو قۆناغەی ھەرێمی کوردستان پیایدا تێدەپەڕێت کە پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزی ئێمە ھەیە بەرامبەر بە عێراق، ئێمە بە ھەموو لایەنەکانمان راگەیاندووە کە ئامادەیی ئەوەین لەو لیستە بەشداریی بکەین".
سەبارەت بە قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەشی وەکو وەزیر لە بەشی کۆمەڵی ئیسلامی کە حزبەکەی لە ماوەکانی دواییدا بە ھۆی کێشە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری کشانەوەی لە کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دا، ناوبراو دووپاتیکردەوە کە ھێشتا دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ نەکراوە.