Zana Natık Kerem
02 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2017
كەركووك ــ AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، رێبوار تاڵەبانی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی رەتكردەوە كە سەبارەت بەداگرتنی ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەكانی حكوومی لە پارێزگای كەركووك پەسەندی كردبوو.
دوێنێ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری دا ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەكانی حكوومی دابگیرێت و تەنها ئاڵای عێراق لەسەر ئەو باڵەخانەنانە هەڵبكرێت.
لە دانیشتنەكەی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمیانی دەنگدان لەسەر داگرتنی ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەكانی حكوومی لە پارێزگای كەركووك، ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە دانیشتنەكەدا كشانەوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رێبوار تاڵەبانی گوتی: "ئەو بڕیارە لە كەركووك جێبەجێ ناكرێت، چونكە ئەو بڕیارانەی كە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی دەردەكرێن ناچنە بواری جێبەجێكردنەوە بەپێی ئەوەی دادگای فیدراڵ دووپاتی دەكاتەوە، واتا ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش جێبەجێی ناكات".
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەو بڕیارە دێت كە چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەنجوومەنی پارێزگای پارێزگای كەركووك سەبارەت بەهەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەی فەرمانگە حكوومییەكانی پارێزگاكەی پەسەند كرد.
رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "بڕیارەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پشتی بەستووە بە ماددەكانی، ١١٥ و ١٤٠ لە دەستووری عێراقی كە ماددەی ١١٥ ئەو پرسانە دیاری دەكات كە ناچنە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ و تایبەتن بە هەرێمەكان و پارێزگاكان و ماددەی ١٤٠یش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە كەركووك لە ناوچە جێ ناكۆكەكانە و هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ بۆیان هەیە ئاڵای خۆیان لەسەر باڵەخانەكانی حكوومی لە كەركووك هەڵبكەن بۆیە ئێمە هیچ كارێكمان نەكردووە كە پێچەوانەی یاسا و دەستوور بێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا، رێبوار تاڵەبانی گوتی: " ئەو بڕیارەی كە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕیووە، پێچەوانەی سەرجەم بنەماكانی تەوافووقی سیاسییە و بەداخەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانیوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا بكات و بێ لایەنانە راو بۆچوونی سەرجەم لایەنەكان وەربگرێت".
هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە زۆرینەی دەنگ، بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر باڵەخانەكانی پارێزگاكە پەسەند كرد وێرای ئەوەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) هۆشداری ئەوەی دا كە گرتنە بەری هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكان لە كەركووك.