وینیپێگ
فڕۆكەیەكی سەربە هێڵی ئاسمانی وێست جێت كە لە نێوان هەردوو شاری ئێدمۆنتۆن و تۆرینتۆ لە گەشت دابوو بە ناچاری لە فڕۆكەخانەی وینیپێگ نیشتەوە و لە كاتی نیشتنەوەیدا شەش سەرنشینی فڕۆكەكە برینداربوون.
بەپێی روونكردنەوەیەك كە لەلایەن كۆمپانیای وێست جێتەوە بڵاوكراوەتەوە، فڕۆكەكە لە جۆری بۆینگ 737-700 بووە.
هێشتا هۆكاری نیشتنەوەكەی نەزانراوە كە ئایا مەترسی لەسەر ئاسایشی گەشتەكە هەبووە یان نا.
لەو فڕۆكەیەدا 59 سەرنشین هەبوون، كە 54 یان گەشتیار و پێنجیان كارمەندی فڕۆكەوانی بوون، فڕۆكەوانەكە داوای مۆڵەتی نشیتنەوەی بەناچاری لە فڕۆكەخانەی وینیپێگ جەیمس ئارمسترۆنگ ریكاردسن خواست.
دوای ئەوەی رێوشوێنی پێویست گیرانە بەر ئامادەكاری كرا بۆ نیشتنەوەی فڕۆكەكە، هاوكات بەهۆی لەرزینی فڕۆكەكەوە لەكاتی نیشتنەوەیدا كە بە زەحمەت نیشتەوە شەش گەشتیار برینداربوون.
پاش جێگیركردنی فڕۆكەكە لە ناوچەیەكی ئارامی فڕۆكەخانەكەدا، گەشتیاران و كارمەندانی فڕۆكەوانی گوازرانەوە، لەم نێوەندەدا بریندارەكان بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هیچ روونكردنەوەیەك لەبارەی رەوشیانەوە بڵاونەكرایەوە.
لێپرسراوانی هێڵی ئاسمانی وێست جێت رایانگەیاند "سەرنشینانی فڕۆکەکە شەو لە هۆتێلێكی وینیپێگ بەسەر دەبەن، لەلایەكی دیكەوە یەكەكانی ئاسایش گووتەیان لە یەك بە یەكی سەرنشینان و كارمەندانی فڕۆكەوانی فڕۆكەكە وەرگرت، لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە.
شەوی شەممەی رابردووش فڕۆكەی هالیفاكس - ئێدمۆنتۆنی سەربە هێڵی ئاسمانی وێست جێت لەسەر هەواڵی بوونی بۆمب تیایدا لە فڕۆكەخانەی ساسكاتوون جۆن دیفنبەیكەر بە پەلە نیشتبووەوە.