ئەسینا
دوای بڕیارەكەی حكوومەت و رەزامەندی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پێنجی تەمووز داهاتوو سەبارەت بەو مەرجانەی لەلایەن خاوەن قەرزەكان بەمەبەستی دابینكردنی پارەی كاش بۆ یۆنان پێشنیازكراوە، لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە لایەنگرانی ''نەخێر'' بۆ مەرجەكانی خاوەن قەرزەكان خۆپیشاندانێكیان سازكرد.
خۆپیشاندەران كە ژمارەیان نزیكەی ٢٥ هەزار كەس دەبوو، لە گۆڕەپانی سینتاگمای نزیك پەرلەمان گردبوونەوە و ئاڵای یۆنانیان بەرز كردەوە كە وشەی ''نەخێر''ی لەسەر نووسرابوو، دروشمەكانی ''یاداشتی نوێمان ناوێت، داواكارین قەرزەكان لاببرێن و بسڕردێنەوە و ژیانی خۆمان بەدەست خۆمانە''یان گووتەوە.
لەو خۆپیشاندانەدا كە ئەندامانی پارتی دەسەڵاتدار و گرووپە چەپڕەوەكانی دیكە پشتیوانییان لێكرد، داوا كرا لە رێفراندۆمی پێنجی تەمووزی داهاتوودا هاووڵاتییان بە نەخێر دەنگ بدەن.
خۆپیشاندانەكە دوای پێشكەشكردنی كۆنسێرتێكی موزیك بەبێ هیچ كێشەیەك كۆتایی هات.
بڕیارە ئەمڕۆ لە هەمان شوێن لایەنگرانی ''بەڵێ'' خۆپیشاندانێك سازدەكەن.