Ali Cura
06 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2023
مۆسکۆ – AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە ٦-٧ی نیسان سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا ئەنجام دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە سێرگی لاڤرۆڤ لەسەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و بەمەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان سەردانی تورکیا دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە وێڕای ئەو ئاڵۆزییانەی جیهانیان گرتووەتەوە، دیالۆگی سیاسیی لەنێوان رووسیا و تورکیا لەسەر ئاستی سەرکردەکان بەردەوام بووە و ئەمساڵ پێنج جار سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، ساڵی رابردوویش چوار جار رووبەڕوو یەکترییان بینیووە و ١٦ جار پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بیری خستووەتەوە کە لەسەر راسپاردەی پوتین دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی رووسیا، هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ ناوچە کارەساتبارەکانی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات رەوانە کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە پوتین و ئەردۆغان چالاکانە پشتیوانی لە پەیوەندییەکانی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات دەکەن و تیایدا هاتووە: "ئەمساڵ لاڤرۆڤ و چاوشئۆغڵو لە میانی لووتکەی G20 لە نیودەلهی کۆبوونەوە و دووجاریش پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە. هەردوولا بڕیاریشیان داوە ماوەی پلانی راوێژکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت بۆ دوو ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە".
بیریش خراوەتەوە کە هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی ئابووری حکوومەتی هەردوو وڵات هەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک و وەزیری بازرگانی تورکیا، مەهمەت مووش ١٥ی ئادار لە رێگای ئۆنلاینەوە کۆبوونەوە، سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مستەفا شەنتۆپ و سەرۆکی دوما – باڵی خوارەوەی پەرلەمانی رووسیا-، ڤاچیسلاڤ ڤۆلۆدین لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ئەنقەرە کۆبوونەتەوە و لە ٢٠ی شوباتیشدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.
- لە کۆبوونەوەکاندا رەوشی ئۆکراینا تاوتوێ دەکرێت
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە هەریەکە لە چاوشئۆغڵو و لاڤرۆڤ دەربارەی رەوشی ئۆکراینا، باشووری قەفقاس، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و ناوچەی دەریای رەش گفتوگۆیان کردووە.
ئەوەش هاتووە: "وەزیرەکان، دەربارەی رەوشی ئێستای قەیرانی ئۆکراینا بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن، هەروەها گفتوگۆ دەکرێت لەسەر رێگاکانی چارەسەرکردنی پێکدادانەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە بە مەرجی ئەوەی حکوومەتی کیێڤ بەرژەوەندی و نیگەرانییەکانی رووسیا لەبەرچاوبگرێت".
- گفتوگۆ لەسەر رێککەوتننامەی گواستنەوەی دانەوێڵە دەکرێت
لە راگەیەنداوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بڕیارەکەی رووسیا وەک "نیازپاکی" بۆ ٦٠ رۆژ درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی گواستنەوەی دانەوێڵە و هاتووە: "بە هاوکاری دۆستە تورکەکانمان، ئامانجمانە ئەم رێککەوتننامەیە بەشێوەیەکی گشتگیر جێبەجێ بکرێت کە نەک بەتەنها دانەوێڵەی ئۆکراینا بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان بەڵکو بشبێتە رێگر لەبەردەم ئەو کۆسپانەی کارەکتەرە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لەبەردەم گەیاندنی پەیین و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی رووسیا بە بازاڕەکانی جیهان دروستی دەکەن".
- ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریاش لە مژارەکانی کۆبوونەوەکەن
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە چاوشئۆغڵو و لاڤرۆڤ لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتوگۆ لەسەر دانوستانەکانی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا دەکەن، هەروەها پشتیوانییەکانی ئێرانیش بۆ هاوکاریکردنی ئەنقەرە و دیمەشق لەم قۆناغەدا، هەڵدەسەنگێندرێن.
- بەوردی گفتوگۆ لەسەر رەوشی باشووری قەفقاس دەکرێت
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیا، رێگاکانی گەیاندن و پەیوەندی، بنیاتنانەوەی ناوچەکە لە دوای پێکدادان، فراوانکردنی هەماهەنگی لە باشووری قەفقاس لە مژارەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبن.
- پڕۆژە ستراتیجییەکانی کەرتی وزە تاوتوێ دەکرێن
باس لەوەش کراوە کە هەماهەنگی کەرتی وزە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن و گفتوگۆ لەسەر کاری هاوبەش لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی وەک بۆری گواستنەوەی غازی سروشتیی تەوژمی تورکی و دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی ئاککویو، دەکرێن.
- کەرتی گەشتوگوزاریش لە مژارەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە چاوشئۆغڵو و لاڤرۆڤ، نزیکبوونەوەی وەرزی گەشتوگوزار و دەستەبەرکردنی ئاسایشی تەواو بۆ ئەو گەشتیارە رووسیاییانەی سەردانی تورکیا دەکەن تاوتوێ دەکەن.