Ömer Erdem,Ahmed Satti
02 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2023
خەرتوم – AA
وێڕای راگەیاندنی شەشەمین ئاگربەست، پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە رۆژی ١٧ەمیشدا بەردەوامە.
فڕۆکەکانی سوپای سوودان ژمارەیەک لە سەنگەرەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرایان لە خەرتومی پایتەخت بۆردومان کرد، هێزەکانی پشتیوانی خێرایش لە رێگای فڕۆکەشکێنەکانەوە بەرپەرچیان دانەوە.
دەنگی تەقە بەچڕی لە خەرتوم دەبیسترێت و دووکەڵ لە ژمارەیەک ناوچە بەرز دەبێتەوە.
سوپای سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی ١٥ رۆژدا، توانیوویانە توانای جەنگی هێزەکانی پشتیوانی خێرا نیواونیو کەم بکەنەوە.
- پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا
١٥ی نیسان لە خەرتومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رووی دا.
ئەم پێکدادانانەش لە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".
وەزارەتی تەندروستیی سوودان پێشتر رایگەیاند لە ئاکامی پێکدادانەکاندا لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە، ٥٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٥٩٩ کەسیش برینداربوون.