Mohammed Baqi Hussein
31 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2016
بەپێی داتاكانی ئۆفیسی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان OCHA، ئیسرائیل لە ساڵی 2015دا 170 هاووڵاتی فەڵەستینیی كوشتووە و 15 هەزار و 377ی دیكەشی بریندار كردووە.
هەر بەپێی ئەو داتایانە لەهەمان ساڵدا 26 ئیسرائیلیش كوژراون و رووداوەكان لە خاكی داگیركراوی فەڵەستین و لە پەلامار و پێكدادانەكانی ئیسرائیلدا روویانداوە.
بەپێی راپۆرتەكە 141 لە فەڵەستینییەكان و 26 لە ئیسرائیلییەكە تەنها لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا كوژراون.
راگەیەنراوە سەدا 63ی ئەو فەڵەستینییانەی كوژراون، بەبیانووی ئەنجامدانی پەلامار بۆسەر ئیسرائیلییەكان تەقەیان لێكراوە.
OCHA هەروەها لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، لە 2015دا 15 هەزار و 377 فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەكانەوە برینداركراون و سەدا 90ی حاڵەتەكان لەخاكی داگیركراوی قودس و كەرناری رۆژئاوادا روویانداوە. راشگەیەنراوە سەدا 14ی بریندارەكان بە گوللەی راستەقینە برینداركراون.
- 539 ماڵ و شوێنی فەڵەستینییەكان سووتێنراون
بەپێی راپۆرتەكەی OCHA ئیسرائیل لە ساڵی 2015دا 539 ماڵ و شوێنی فەڵەستینییەكانی لە كەرناری رۆژئاوا و قودس سووتاندووە و لەئەنجامدا 742 هاووڵاتی فەڵەستینی ناچار بوون كۆچ بكەن و 2 هەزار و 600 كەس بەهۆی ئەو كارانەی ئیسرائیلەوە زیانیان لێكەوتووە. ئیسرائیل بەشێكی زۆری ئەو خانووانەی بەبیانووی بێ مۆڵەتی رووخاندووە و 19 لە خانووەكانیشی وەك سزایەك بۆ خاوەنەكانیان كە گوایە پەلاماری ئیسرائیلییەكانیان داوە سووتێنراون.