Zana Natık Kerem
25 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2018
بەیروت ــ AA
سەرۆكوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری رایگەیاند كاندیدانی حزبوڵڵا بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارێزگای شیمال و پارێزگاكانی دیكە، كەسانی دڵسۆز و بە ئەمەكن بۆ رژێمی ئەسەد.
لە ئاهەنگێكی رەوتی موستەقبەل كە لە شاری تەرابلوس ناوەندی پارێزگای شیمال بەڕێوەچوو و تیایدا لیستی رەوتەكە لە پارێزگاکە راگەیەنرا، سەعد حەریری گوتی: "ئەو كەسانەی كە لەسەر لیستی پارتەكانی دیكە و حزبوڵڵا لە پارێزی شیمال و پارێزگاكانی دیكە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران، كاندیدكراون، كەسانی دڵسۆز و بە ئەمەكن بۆ رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد".
سەعد حەریری كە سەركردایەتی رەوتی موستەقبەلیش دەكات گوتیشی: "جارێكی دیكە سەردەمی زاڵبوون بەسەر بڕیارەكانی شیمال، لەگەڵ سەردەمی دووبەرەكی و كۆنتڕۆڵكردنی هەواڵگری بەزەبری هێز، ناگەڕێنەوە".
سەرۆكوەزیرانی لوبنان ئەوەشی گوت: "ئێمە ئەو لایەنە بووین كە هاوكێشەكانمان گۆڕی، هەر ئێمەیش بووین كە گوتمان پاراستنی لوبنان بە وەستانی دەستوەردانی وڵاتانی عەرەب دەبێت و هەروەها رێگەشمان نەدا ئاگری سووریا بگوازرێتەوە بۆ لوبنان".
حزبوڵڵا لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان هەوڵدەدات زۆرترین كورسییەكانی سوننە كە لە بەرژەوەندی رەوتی موستەقبەل دان بەدەست بهێنێت.
هاوكات لە زۆربەی سنووری پارێزگاكانی باكووری لوبنان، ژمارەیەك كەسایەتی و پارت هەن كە پاڵپشتی لە رژێمی سووریا و حزبوڵڵا دەكەن.
بڕیارە لە شەشی مانگی ئایاری داهاتوو، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان بەڕێوەبچن كە رەوتی موستەقبەل و هاوپەیمانەكانی هەوڵدەددەن رێگە بە حزبوڵڵا نەدەن بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی زۆرترین كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران.