Gülşen Topçu
07 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2022
بەیروت - AA
ئەوە راگەیەندرا کە لوبنان ٣٣٧ پارچە ئاسەوار کە لە مۆزەخانەیەک لە ناوچەی ئەلھری لە باکووری وڵاتەکە نمایش دەکرا، رادەستی عێراق کردووەتەوە.
بەبۆنەی رادەستکردنەوەی ئاسەوارەکان رێورەسمێک بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری لوبنان، محەمەد ئەلمورتەزا، باڵیۆزی عێراق لە بەیروت، حەیدەر ئەلبەڕاک و شاندێکی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق لە مۆزەخانەی نیشتمانیی لوبنان لە بەیروتی پایتەخت بەڕێوەچوو.
وەزیری رۆشنبیری لوبنان، محەمەد مورتەزا، لە میانی گوتارێکیدا ئەوەی راگەیاند کە ٣٣٧ پارچە ئاسەوار کە لە مۆزەخانەی نابو لە ھێری نمایش دەکرا، رادەستی عێراقیان کردووەتەوە.
مورتەزا، گوتیشی: "دەمەوێت بەناوی خۆم، سەرۆکوەزیران نەجیب میقاتی و سەرجەم لوبنانییەکان ئاماژە بەوە بکەم کە لوبنان و عێراق یەکن".
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی عێراق لە بەیروت، حەیدەر ئەلبەڕاک، ئاماژەی بەوە کرد کە ئاسەوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شارستانیانەی کە لە میزۆپۆتامیا دامەزراون و ویستی خۆی بۆ ئەنجامدانی ھەماھەنگی لەم بوارەدا لەگەڵ مۆزەخانەی نابو خستەڕوو.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو ئاسەوارانەی رادەستی عێراق کراونەتەوە لە ٣٣١ تابلۆی نووسینی بزماری و شەش پارچەی جۆراوجۆر پێکھاتووە.