Yasin Yorgancı
16 ئاب 2025•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2025
ئەنقەرە/واشنتۆن - AA
کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین کە لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا بەڕەوەچوو، کۆتایی هات.
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ و سەرۆکی ڕووسیا پوتین لەگەڵ شاندە باڵاکانی یاوەریان لە شاری ئەنکۆریج-ی ئالاسکا کۆبوونەوە.
ئەو کۆبوونەوەیەی بە دروشمی "بەدواداچوون بۆ ئاشتیی" بەڕەوەچوو و، تیایدا سەرکردەکان تاوتوێی ئەگەری ئاگربەستی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و پەیوەندیيە دووقۆڵییەکانیان کرد، کۆتایی هات.
کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەسەر شێوەی "سێ بە سێ" بوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆف یاوەری ترەمپیان کرد و، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی کرملین، یوری ئوشاکۆف یاوەری پوتین-يان کرد.