Zana Natık Kerem
18 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2018
بڕۆکسل ــ AA
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی رایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە نزیکەوە چاودێری ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسیەی تاوانی کوشتنی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقجی دەکەن.
لە راگەیەندراوێکدا، فێدێریکا مۆگێرینی روونیکردووەتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و باوەڕپێکراو بکرێت بۆ ئەوەی ھۆکارەکانی کوشتنی جەمال خاشقجی لە کۆنسولخانەی سعوودیە لە شاری ئیستانبوڵ ئاشکرا بکرێن و گوتی:
"ئێمە لە نزیکەوە چاودێری لێدوانەکانی ١٥ی ئەم مانگەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی سعوودیەمان کردووە و داوا دەکەین کە وردەکاری تاوانی کوشتنی جەمال خاشقجی ئاشکرا بکرێت، ھەروەھا ئەو کەسانەش کە لە رووداوەکە تێوەگلاوەن، سزا بدرێن".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی ھەروەھا گوتی: "ھەرچەندە گرنگە رێکارە یاساییەکان لە پرسی تاوانی کوشتنی جەمال خاشقجی بەتوندی بگیرێنەبەر، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ سزای لەسێدارەداندا، نییە".
فێدێریکا موگێرینی داواشی لە سعوودیە کرد کە رێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ ئەوەی کە رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و جەختیکردەوە، یەکێتیی ئەورووپا ھەڵوێستێکی ھاوبەش بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پرسی تاوانی کوشتنی جەمال خاشقجی دەگرێتەبەر، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو داواکاری گشتیی سعوودیە رایگەیاندبوو کە جێگری پێشووی سەرۆکی ھەواڵگریی، ئەحمەد عەسیری فەرمانی درووستکردنی تیمی کوشتنی خاشقجی داوە و فەرمانی کوشتنەکەش لە لایەن سەرۆکی تیمەکەوە دەرکراوە.
داواکاری گشتیی سعوودیە ئەوەشی ئاشکراکردبوو کە تەرمەکەی جەمال خاشقجی لەناو کۆنسولخانەدا پارچە پارچە کراوە و براوەتە دەرەوە.