Muhammet Ali Kemal
07 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2016
داودئۆغڵو لە كاتی چوونە ژوورەوەی بۆ بینای ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا كە لوتكەكەی یەکێتیی ئەورووپا - تورکیا تێدا بەڕێوەدەچێت، روونكردنەوەی دایە رۆژنامەوانان.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە هیوای بە لوتکەی یەکێتیی ئەورووپا - تورکیا هەیە و رایگەیاند: ''دڵنیام لەوەی کە دەتوانین ئەو کێشانەی دێنە بەردەممان بە هاریکاریی یەکتریی چارەسەری بکەین. تورکیا ئامادەی کاری هاوبەشە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا، هەروەها ئامادەیە ببێتە ئەندامی یەکێتییەکە''.
ئەحمەد داودئۆغڵو جەختی لەوەكردەوە كە لەماوەی رابردوودا پەیوەندی و كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتیی ئەورووپا و توركیا لەسەر ئاستی باڵا چڕ و پڕ بووە و لەماوەی چەند مانگێكدا ئەمە دووەمین لوتكەیە سازدەكرێت و گوتی: ''تەنها ئەم لوتكەیە ئەوە نیشان دەدات كە توركیا چەند بۆ یەكێتیی ئەورووپا گرنگە كە ناتوانێت وازی لێبهێنێت، هاوكات نیشاندەری ئەوەشە كە توركیا ناتوانێت واز لە یەكێتیی ئەورووپا بهێنێت''.
سەرۆكوەزیرانی توركیا باسی لەوە كرد كە وڵاتەكەی و یەكێتیی ئەورووپا خوازیاری ئەوەن هاریكارییەكانی نێوانیان بەرەوپێشبەرن، بەتایبەت لەبارەی قەیرانی پەنابەرانەوە و گوتی: ''تاقیكردنەوە و كێشەی زۆرمان لەبەردەمدایە، تەنها لە رێگەی هاوپشتییەوە دەتوانین چارەسەرییان بكەین. پێویستە هەموو وێنەكە ببینین. نەك تەنها كۆچی نارێك و پێك، بەڵكو داهاتووی ئەورووپا تاوتوێ دەكەین. بۆیە پێویستە هاوپشت و هاریكاری یەكتر بین''.
داودئۆغڵو باسی لەوەش كرد كە پێش لوتكەی یەكێتیی ئەورووپا-توركیا، دوێنێ ئێوارە لەگەڵ هەریەك لە ئەنگێلا مێركڵ و سەرۆكی ئەم خولەی یەكێتیی ئەورووپا، سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا مارك روتێ كۆبوونەوەیەكی بەسوودیان كردووە و رایگەیاند ''ئێمە خۆشحاڵین بەوەی سەركردەكانی ئەورووپا زیاتر هەست بەو كێشانە دەكەن كە ئەمڕۆ رووبەروومان بوونەتەوە. كۆبوونەوەی زۆر بەسوودمان لەگەڵ هەریەك لە ئەنگێلا مێركڵ و مارك روتێ ئەنجام دا. ئێمە سەركردە گەلێكین كە پێكەوە و دەست لەناودەست سەبارەت بە داهاتووی ئەورووپا كاردەكەین''.
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوە كرد كە هیوای بە لوتكەی یەكێتیی ئەورووپا-توركیا هەیە بۆ ئەوەی هاریكارییەكانی نێوان هەردوولا بەرەوپیشبەرێت و رایگەیاند ''دڵنیام لەوەی كە دەتوانین ئەو كێشانەی دێتە بەردەممان بە هاریكاریی یەكتریی چارەسەری بكەین. توركیا ئامادەی كاری هاوبەشە لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپادا، هەروەها ئامادەیە ببێتە ئەندامی یەكێتییەكە''.