Sarp Özer
18 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2021
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار، سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەفغانستان رایگەیاند: "گواستنەوەی بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا (لە ئەفغانستانەوە) دەستی پێ کردووە. فڕۆکەکانی سەربە فەرماندەیی هێزە ئاسمانییهكان بەکاردەهێنین. ئەو گواستنەوانە درێژەیان دەبێت".
خولوسی ئاکار بەردەوامە له كۆبوونهوهكانی لە چوارچێوەی ١٥هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی بەرگریی (IDEF’21)دا، کە لەلایەن سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە کرایەوە.
لەو چوارچێوهیهشدا ئاکار لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەنگۆلا، جواو ئێرنیستۆ دۆس سانتۆس کۆبوویهوە و، هەردوولا رێککەوتنی چوارچێوەی سەربازییان واژوو کرد.
لە دوای رێوڕەسمی واژووکردنەکە، پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو پرسیاری لە ئاکار کرد سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەکانی ئەفغانستان و سەربازانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای، ئەویش لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتهكان دەکەن.
گوتیشی: "بەلای ئێمەوە گرنگترین شت ئاسایشی سەربازانمانە، ههموو جۆره رێوشوێنێكمان گرتووهته بهر بۆ پاراستنی سهربازانمان و بەردەوامیش دەبین. بههیچ جۆرێك مهترسی ناخەینه سهر ژیانی ئهوان".
سەبارەت بە گواستنەوەی هاووڵاتیە تورکەکانی ناو ئەفغانستان بۆ تورکیا، ئاکار رایگەیاند: - "گواستنەوەی بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا دەستی پێ کردووە. فڕۆکەکانی سەربە فەرماندەیی هێزە ئاسمانییهكان بەکاردەهێنین. ئەو گواستنەوانە درێژەیان دەبێت".
لهبارهی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت رەنگە رەوشەکە لە پڕێکدا بگۆڕێت، وهزیری بهرگریی توركیا رایگهیاند: "لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکان دەکەین و، بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەوەی بە هەستیاریی و وریاییەوە چاودێری رەوشەکە بکەین. هەر کاتێك پێشهاتێکی جیاواز روویدا ئامادەین پلانی پێویستمان جێبەجێ بکەین".