Mücahit Oktay
30 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک - AA
لە شاری نیویۆرک رۆژهەڵاتی ئەمریکا، هاووڵاتییان لەبەردەم کۆنسولخانەی سوید لە نیویۆرک گردبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن سیاسەتمەداری راستڕەوی توندئاژۆی سویدی، راسموس پالودان لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم.
کاردانەوەکان بەرامبەر سووتاندنی قورئان لەلایەن سیاسەتمەداری راستڕەوی توندئاژۆی سویدی-دانمارکی، راسموس پالودان بەردەوامن.
موسڵمانانی ئەمریکایی شانبەشانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی تورک کە بەدەم گوتنەوەی سروودی "مەهتەر" بەرەو نوێنەرایەتیی سوید لە ناوچەی مانهاتان رۆیشتن، لەبەردەم بینای کۆنسولخانەی گشتیی تاجە گوڵینەیەکی رەشیان بەجێهێشت کە قورئانی پیرۆزی لەسەر بوو.
دوای ئەنجامدانی نوێژ و تەکبیرکردن لەبەردەم نوێنەرایەتییەکە، هاووڵاتییان چەندین لافیتەیان هەڵگرت کە لەسەریان نووسرابوو "رێز لە هەموو کتێبە پیرۆزەکان دەگرین"، "مافی مەدەنی هەمیشە مەدەنی نییە"، "رق و قینە، رق و کینەی لێدەکەوێتەوە"، "قورئان و کتێبی پیرۆز مەسووتێنن، بیانخوێننەوە".
هاوسەرۆکی کۆمیتەی ئاراستەکردنی تورک-ئەمریکی (TASC)، مەلیح بەکتاش کە نوێنەرایەتیی هاووڵاتییانی تورکی دەکرد، بە زمانی ئینگلیزی لێدوانێکی دا و گوتی: "لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا کەسانێک هەن کە بە نەزان و خۆپەرست ناودەبرێن و رێگەی ئاسان بۆ دەربازبوون دەگرنە بەر بۆ خۆشاردنەوە لەژێر لێکدانەوەی هەڵەی ئازادی رادەربڕین".
بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆرینەی جیهان لە مرۆڤە باشەکان پێکدێن و ئەو کەسانەن کە جیهان دەکەنە جێگای ژیان، بەکتاش سەبارەت بە پالودان گوتی: "ئەوەندەی من بزانم، رەنگە ئەم کەسە نەفرەت لێکراوە لە ژیانیدا هەرگیز خۆشەویست نەبووبێت. بۆیە کاری گەمژانە دەکات".
هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکەیش کاردانەوەی خۆیان لەهەمبەر بێڕێزیکردن بەرامبەربە قورئان دەربڕی و هاووڵاتییانی تورک ناڕەزایەتیان دەربڕی لەهەمبەر "بێدەنگی و هێنانەوەی بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر کتێبی پیرۆزی ئیسلام" لەلایەن حکوومەتی سویدەوە.