Emre Aytekin
30 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2023
AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن بە مەبەستی تاوتوێکردنی مەترسییە ئەمنییەکان سەردانی کۆریای باشوور دەکات.
ئاژانسی هەواڵیی یۆنهاپ "Yonhap" بڵاوی کردەوە کە چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن بگاتە سیئۆل و لەگەڵ وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، لی جۆنگ-سوپ و بەرپرسانی دیکەی بەرگری کۆ ببێتەوە.
سەرچاوەکانی بەرگری ئاماژەیان بەوە داوە "هەردوولا هەوڵە هاوبەشەکان تاوتوێ دەکەن بۆ پێشخستنی توانای رێگەگرییەکانی ئەمریکا لە مەترسییە ئەمنییەکان".
ئاماژە بەوەیش دراوە کە پێشخستنی توانای رێگەگرییەکانی ئەمریکا "بە واتای ئەوە دێت ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە وڵاتی هاوپەیمانی تەواوی توانا سەربازییەکان بە ئەتۆمیشەوە دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە".
چاوەڕێ دەکرێت لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵاتدا، دۆزینەوەی میکانیزمێکی کاریگەرتر تاوتوێ بکرێت لەهەمبەر هەڕەشەکانی تاقیکردنەوە مووشەکییەکان و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەلایەن کۆریای باکوور.
هەروەها جگە لە تاوتوێکردنی رەوانەکردنی تانک بۆ ئۆکراینا لەلایەن ئەمریکا، چاوەڕێ دەکرێت بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی ژاپۆن تاوتوێ بکرێت لەلایەن ئەمریکا و هەڵوێستی کۆریای باشوور لەمڕووەوە بخرێتە روو.
سەردانەکەی ئۆستن لە کاتێکدایە کە دوێنێ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ گەیشتە سیئۆل.