Mazın Asad
12 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2018
ئەنقەرە - AA
کڕینی چەک لە میانی پێنج ساڵدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووھێندە زیادی کردووە.
بە پێی راپۆرتێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستوکھۆڵم لەبارەی کڕینی چەک لە جیھاندا، کڕینی چەک لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە میانی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٧ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ٢٠٠٨- ٢٠١٣ بە رێژەی لەسەدا ١٠٣ زیادی کردووە.
وڵاتی ھیندستان لە ماوەی پێنج ساڵدا بە کڕینی سەدا ١٢ی چەکەکان لەسەر ئاستی جیھان لە رێزبەندی یەکەم دێت لە ئاستی کڕینی چەکدا.
سەدا ٣٢ی ئەو چەکانە لە لایەن وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کڕاوە، سعوودیە بە بەراورد لەگەڵ پێنج ساڵی رابردوودا لەسەدا ٢٢٥ رێژەی کڕینی چەکی زیادی کردووە و بەم پێیەش لە رێزبەندی دووەمە لە کڕینی چەک لە جیھاندا، میسریش ھاوردەکردنی چەکی بە رێژەی لەسەدا ٢١٥ زیاد کردووە و لە پلەی سێیەم لە ئاستی جیھان دێت و وڵاتی ئیماراتیش بە پلەی چوارەم دێت.
ھەر بە پێی راپۆرتەکە، ھەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و چین لە میانی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٧ بە رێژەی لەسەدا ٧٤ فڕۆشی چەکیان لەسەر ئاستی جیھان ئەنجام داوە. پشکی ئەمریکا لەو رێژەیە لەسەدا ٣٤ بووە و بەم پێیەش لەسەدا ٢٥ی رێژەی فڕۆشتنی چەکی زیاد بووە. رووسیاش لەسەدا ٥٨ رێژەی فڕۆشتنی چەکی زیاد کردووە.
ئەمریکا بە رێژەی سەدا ٤٩ ئەو چەکانەی بە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست فڕۆشتووە.