Zana Natık Kerem
19 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2019
واشنتۆن ــ AA
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ دەست بە گەشتەکەی دەکات بۆ رۆژھەڵات ناوەڕاست کە ھەریەک لە کوێت، ئیسرائیل و لوبنان دەگرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، گەشتەکەی مایک پۆمپیۆ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ١٩ تا ٢٣ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت کە لە کوێت-ەوە دەست پێ دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە خشتەی کاری گەشتەکە کراوە و ھاتووە "مایک پۆمپیۆ لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا، ژمارەیەک پرسی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە تاوتوێ دەکات لەوانە؛ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، کاری ھاوبەش، ھاوکاری ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە".
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل چاوی بە بەرپرسانی یۆنان و قوبرس دەکەوێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وای لەقەڵەمداوە کە ھەریەک لە کوێت، ئیسرائیل و لوبنان وڵاتی گرنگن بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەھا رۆڵی گرنگ و بەرچاویش دەگێرن لە گەشەپێدانی ئابووری ناوچەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە ئەمریکا سوورە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.