Nour Mahd Ali Abu Aisha,Zana Natık Kerem
28 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2018
غەززە ــ AA
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند کە ھاووڵاتییەکی فەڵەستینی، دوای ئەوەی رۆژی ھەینی رابردوو لە میانی رێپیوانی گەڕانەوەی گەورەدا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە سەختی بریندارکرابوو، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
لە بەیاننامەیەکدا، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ئەشرەف قودرە ئاماژەی بەوەداوە، ھاووڵاتییەکی فەڵەستینی بە ناوی یەحیا بەدر محەمەد تەمەن ٣٧ ساڵ کە رۆژی ھەینی رابردوو لە میانی رێپیوانی گەڕانەوەی گەورەدا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بریندارکرابوو، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە ھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە ٣٠ی ئاداری رابردووەوە، ھاووڵاتییانی فەڵەستینی لە سنووری رۆژھەڵاتی کەرتی غەززە بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەستیانکردووە بە رێپیوانی گەڕانەوەی گەورە کە لە میانیدا داوا دەکەن پەنابەرانی فەڵەستینی بگەڕێنەوە شار و گوندەکانیان کە لە ساڵی ١٩٤٨وە بەجێیانھێشتووە، ھەروەھا داواش دەکەن ئەو گەمارۆیەی کە ئیسرائیل بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاندوویەتی، ھەڵبگیرێت.
تا ئێستا بە ھۆی ئەو سەرکوتکارییەی کە سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بە بەشداربووانی رێپیوانی گەڕانەوەی گەورە ئەنجامی دەدات، دەیان ھاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و بەھەزارەھای دیکەش بریندارکراون.