Ramal Mahmood
02 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2016
غەززە - AA
لە کەرتی غەززە بەشداریکردنی سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، مەحموود عەباس لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل، شیمۆن پێرێز ئیدانە کرا.
لەسەر بانگهێشتی بزووتنەوەی حەماس خۆپیشاندەران لە بەردەم مزگەوتی خولەفای راشدین لەکەمپی پەنابەرانی جەبالیە گردبوونەوە و ناڕەزاێتی خۆیان دەربڕی لەدژی بەشداریکردنی مەحموود عەباس لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شیمۆن پێرێز.
خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی پانکارت کە لەسەریان نووسرابوو "نا بۆ بەشداریکردن لە پرسەی بکوژی گەلەکەمان" و "پێرێز تاوانباری جەنگە"، دروشمیان لەدژی پێرێز دەگوتەوە.
سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین، ئەبو عەسکەر لە خۆپیشاندانەکەدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "بەشداریکردنی سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، مەحموود عەباس لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بکوژی منداڵەکانمان شیمۆن پێرێز، سووکایەتی کردنە بە خوێنی شەهیدەکانمان. لەکاتێکدا بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهیدانی فەڵەستین ناکەیت، چۆن بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بکوژی فەڵەستینییەکان دەکەیت؟".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل، شیمۆن پێرێز لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و دواتر لە رێوڕەسمێکدا لە قودسی رۆژئاوا بەخاک سپێردرا.