Ali Cura,Ramal Abdullah Mahmood,Hemın Othman Mohammed
30 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2019
مۆسكۆ – AA
سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ رێنمایی داوه ئه‌و بكوژرێت و گوتی: "ئه‌گه‌ر شتێكم به‌سه‌رهات ئه‌وا دۆناڵد تره‌مپ و سه‌رۆكی كۆلۆمبیا، ئیڤان دوكی به‌رپرسیارن".
نیكۆڵاس مادورۆ به ئاژانسی هه‌واڵی Ria ی رووسی راگه‌یاند كه جگه له بواری سه‌ربازی له بواری نه‌وت و گازیشدا له هه‌ماهه‌نگیدان له‌گه‌ڵ رووسیا.
سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆ تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌شێك له سه‌روه‌ت و سامانی ڤێنیزوێلا له‌ژێر ده‌ستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی، خوان گوایدۆ دایه و ئه‌مریكا به پشتگیریكردن له گوایدۆ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌ته‌واوی پێشێلكردووه. ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه موڵکی گه‌لی ڤێنیزوێلایە و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه دڵنیایه له‌وه‌ی به سه‌ركه‌وتووانه له‌و ره‌وشه ده‌ربازیان ده‌بێت.
له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه ئایا چاوه‌ڕێ ده‌كات بۆسه‌ی بۆ دابندرێت، نیکۆلاس مادورۆ گوتی: "یه‌كه‌میان چاره‌نووسی من به‌ده‌ست خودایه. من مه‌سیحیم. باوه‌ڕم به‌وه‌یه خودا ده‌مپارێزێت. گه‌لی ڤێنیزوێلا هه‌موو كات من ده‌پارێزێت. ئێمه یه‌كه‌ی هه‌واڵگری باشمان هه‌یه، به‌ڵام بێگومان (سه‌رۆكی ئه‌مریكا)، دۆناڵد تره‌مپ رێنمایی داوه بۆ ئه‌وه‌ی من بكوژرێم. به حكوومه‌ت و مافیای كۆلۆمبیای گوتووه ئه‌من ده‌كوژن. ئه‌گه‌ر شتێكم به‌سه‌رهات ئه‌وا دۆناڵد تره‌مپ و سه‌رۆكی كۆلۆمبیا، ئیڤان دوكی به‌رپرسیارن".
سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆ له‌باره‌ی ئه‌وه‌یش كه به‌شێك له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پێداگیرن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكێكی نوێ، باسی له‌وه كرد كه ئه‌و له هه‌ڵبژاردنه‌كان به شێوه‌یەکی یاسایی ده‌نگی له‌سه‌دا ٦٨ی خه‌ڵكی به‌ده‌ست هێناوه و خۆ به‌سه‌رداسه‌پاندن و گوشار له هیچ وڵاتێكی جیهان قبوڵ ناكه‌ن.
نیكۆڵاس مادورۆ گوتیشی: "له ڤێنیزوێلادا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌ت كراوه و ئه‌گه‌ر داگیركه‌ران هه‌ڵبژاردنی نوێیان ده‌وێت ده‌بێت چاوه‌ڕوانی 2025 بكه‌ن".
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆ راگه‌یه‌ندراوی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا، جۆن بۆڵتن بۆ ناردنی پێنج هه‌زار سه‌رباز بۆ كۆلۆمبیا به "پڕوپوچ و گاڵتهچاڕی" ناوزه‌ند كرد.
سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاقیشیكردووهتهوه، به‌ڵام بۆلتن دیالۆگی ئه‌و و تره‌مپ-ی قه‌ده‌غه‌كردووه و گوتی: "ئاماده‌ی كۆبوونهوهم له‌گه‌ڵ تره‌مپ له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێك رووبه‌ڕوو، له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا له ئه‌مریكا له ڤێنیزوێلا له هه‌ركوێیه‌ك بیه‌وێت. دڵنیام ئه‌گه‌ر كۆببینه‌وه میژوویه‌كی دیكه ده‌بێت، به‌ڵام پێموایه رێگه ناده‌ن".
مادورۆ ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له جیهاندا زۆر وڵات هه‌ن نیگه‌رانن له‌وه‌ی له ڤێنیزوێلادا رووده‌دات و بانگه‌وازی دیالۆگ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌یان نامه‌ی ئاراسته‌ی حكوومه‌تی ئه‌و وڵاتانه كردووه.
سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆڵاس مادورۆ گوتیشی: "ئاماده‌م له پێناو گفتوگۆكردن له‌باره‌ی داهاتووی ڤێنیزوێلا له پێناو داهاتوو و ئاشتییدا له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر مێزی دانوستان دانیشم".