جۆھانسبورگ
سەرۆکی پێشوی ئەفریقای باشور نیڵسۆن ماندێلا زمانی قسەکردنی لەدەستداوەو لەرێگەی ئاماژەوە پەیوەندی دەبەستێ.
ویننیە مادیکیزێلا ماندێلا خێزانی نیڵسۆن ماندێلا بۆ ڕۆژنامەی "The Sunday Independent" باسی لەبارەی ڕەوشی تەندروستیی ماندێلای ئەفسوناوی کرد، ماندێلای تەمەن ٩٥ ساڵ لە مانگی ئەیلولەوە لە ماڵەکەی خۆی چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت.
ویننیە گوتی: "بەھۆی نەخۆشیی جگەرەوە لەرێگەی لووت و دەمیەوە ئۆکسجین بۆ لەشی دەچێ، بۆیە ناتوانێت قسە بکات و تەنیا لەڕێی ئاماژەوە پەیوەندی دەبەستێ".
خێزانی ماندێلا باسی لە گوتەکانی پزیشکانی ماندێلا کردووە کە چاوەڕوانن دەنگی قسەکردنی بێتەوە، ھەروەھا ھەموو ئەو باسانەی بەدرۆخستەوە کە ماندێلا بە ئامێری ھەناسەدانەوە بەسترابێتەوە.
ویننیە گوتیشی: "٢٢ پزیشک لە ماڵەکەی خۆیدا پشکنین بۆ ماندێلا دەکەن، چونکە چارەسەر بۆ جگەری کراوە بەھۆی ئەوەی ھێشتا تازەیە بۆیە ئەگەری ئەوە ھەیە جگەری ڕووبەروی میکرۆب ببێتەوە".
دیننیە بەپێویستی دەزانێت ماندێلا لە ژینگەیەکی پاکدا چارەسەری بۆ بکرێت، چونکە ژوورەکەی بووە بەژوری چاودێریی چڕ.
نیڵسۆن ماندێلا رۆژی ٨ حوزەیران بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا بەھۆی نەخۆشی جگەرەوە ھەناسەی بۆ نەدەدرا ، دوای نەشتەرگەری ڕۆژی یەکی ئەیلول ڕەوانەی ماڵەکەی کرا.
نیلسۆن ماندێلا دژی ڕەگەزپەرستە سپی پێستەکانی رژێمی ئەفریقای باشور خەباتی کرد، دوای بەسەر بردنی ٢٧ ساڵ لە زیندان، بۆ ماوەی ٥ ساڵ بوو بە سەرۆکی ئەفریقای باشور.