Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
01 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لەدوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی بۆ پاریس، لە تویتێکدا بە زمانی کوردی سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ پێشوازییەکەی لەماوەی مانەوەی لە هەولێر.
ئیمانوێل ماکرۆن لە تویتەکەیدا رایگەیاندووە "خوازیاربووم لە هەولێر کۆتایی بە سەردانەکەم بێنم بۆ عێراق، هەرگیز فەرەنسا پابەندی جەنگاوەرانی کورد لە جەنگی دژی داعش لەبیر ناکات".
سەرکۆماری فەڕەنسا بە زمانی کوردی لە تویتەکەیدا نووسیویەتی "نێچیرڤانی ئازیز، سوپاس بۆ ئەم پێشوازییە".
رۆژی شەممە، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لێکرا.
ئیمانوێل ماکرۆن، رۆژی یەکشەممە لە هەولێرەوە چووە مووسڵ و دوای تەواوکردنی دیدارەکانی لە مووسڵ، گەڕایەوە هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لێکرا.
هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئامادەی رێوڕەسمی پێشوازییکردن لە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بوون.
لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و شاندی فەڕەنسا بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن کۆبوونەوە.
پرسی سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنانی فەڕەنسا لە ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و فەڕەنسا تاوتوێ کرا.
دواتریش سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆبووەوە.
دوای ئەوەیش چاوی کەوت بە ئەندامانی خێزانی شەهید هوجام سورچی کەوت کە پێشمەرگە بوو و لە شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش کەوتە دەست تیرۆریستان و دواتر بە دڕندەیی شەهیدکرا، هەروەها چاوی کەوت بە ژمارەیەک پێشمەرگەی ئافرەت.
ماکرۆن دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا و هەولێر، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هێنا و گەڕایەوە فەڕەنسا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە ماڵئاوایی لێکرا.