Büşra Selvi Öğütcen
01 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2021
ساوس لەیک تاهۆ - AA
ئاگری "کالدۆر" کە لە ١٤ی ئابەوە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا باشووری رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریكا دەستی پێ کردووە، بووەتە هۆی سووتانی ٧٥٦ کیلۆمەتر دووجا زەوی.
لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی ٦٠٠ بینا بەتەواوی سووتاون و زیاتر لە ٢٠ هەزار بیناش لەبەردەم مەترسی گەیشتنی ئاگرەکەدان.
١٥ هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان و تا ١٧ی ئەیلوولیش چوونە ناو دارستانەکان قەدەغە کراوە.
بەهۆی مەترسی ئاگرەکەشەوە، ناوچەی گەشتیاری دەریاچەی تاهۆی باشوور چۆڵ کرا لە کاتێکدا ساڵانی تر لەم وەرزەدا، دەیان هەزار گەشتیار روویان لەو ناوچەیە دەکرد. ماوەیەکی کەمیش دوای چۆڵکردنی، ئاگرەکە گەیشتە ئەو ناوچەیە.
هەروەها لە ناوچەی دۆگڵاس سەربە ویلایەتی نێڤادا هاوسنوور لەگەڵ ویلایەتی کالیفۆرنیا کە نزیکە لە دەریاچەی تاهۆی باشوور، هۆشداری ئەوە دراوەتە دانیشتوان کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا داوایان لێبکرێت ناوچەکە چۆڵ بکەن و لە دوێنێشەوە، دۆخی لەناکاو لە تەواوی ویلایەتەکەدا راگەیەندراوە.