Azad Mohammed Abdullah
13 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2019
دهۆک - AA
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان، مزاحم رایگەیاند "ئێران چەکی زۆرى گەیاندووەتە حەشدى شەعبى لە عێراق بۆ بە ئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتە".
مزاحم ئەحمەد حوێت لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەمریکا لەئێستادا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازى لە سەربازگەکانى عێراق جێگیرکردووە و زانیارى پشتڕاستکراویشمان هەیە کە لە چەند رۆژى داهاتوودا نزیکەى ١٠٠ هەزار سەرباز و راوێژکارى دیکە رەوانەى عێراق دەکات، ئامانج لە کۆکردنەوە و جێگیرکردنى سەربازەکان هێرشکردنە بۆسەر ئێران".
گوتیشى: "ئەو هێزەى ئەمریکا بە چەک و تفاقێکی زۆرەوە لە عێراق جێگیرکراوە، هەرچەند عێراق وەها خۆى نیشان دەدات کە بێلایەن بێت لە نێوان ململانێ و شەڕى نێوان تاران و واشنتۆن، بەڵام عێراق بەشێکى گەورەى هاوکێشە سەربازى و سیاسییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێت".
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان هەروەها باس لە هەنگاوەکانى ئێران لە عێراق دژبە ئەمریکا دەکات و دەڵێت "ئێرانیش ئامادەکارى تەواوى کردووە بۆ بە ئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەکى زۆر لە مووشەکى بالیستیکى ئێران رادەستى حەشدى شەعبى لە عێراق کراوە تاوەکو بنکە و بارەگاى هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق پێ بکرێتە ئامانج".
دەشڵێت "گەیاندن و دابەشکردنى مووشەکى بالیستیکى و جۆرەها چەک لە ئێرانەوە بۆ عێراق لەژێر چاودێرى قاسم سولەیمانى بووە کە ئێستا لە عێراقە و سەرقاڵى یەکخستنەوەى نێو ماڵى شیعە و حەشدى شەعبییە دژبە بوونى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەیش لە کۆبوونەوەى بەردەوامدایە".
حوێت ئاماژەى بەوەدا کە ئێران دەیەوێت چەند بنکە و بارەگا و کاروانێکى ئەمریکا لە عێراق بکاتە ئامانج، بە مەبەستى کەمکردنەوەى فشارە سەربازییەکانى ئەمریکا لەسەر ئێران. کە رەنگە ئەمە دەرگاى جەنگێکى گەورە و خوێناوى بکاتەوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئەمەیش کاریگەرى نەرێنى لەسەر عێراق دەبێت و ناوچە سوننە نشینەکانیش زیانمەند دەبن.