Hemn Baban
25 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2018
ھەولێر - AA
بە پێی قسەکانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی مووسڵ، عەبدولکەریم ئەتروشی ئێستا نزیک بە ٤٥ ھەزار قوتابی دەستییان بە خوێندن کردووەتەوە و ٧٠ لەسەدی زانکۆی مووسڵ وێران بووە.
لە دوای سێ ساڵی تاریک لە نەخوێندەواری لەژێر چەپۆکی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە "داعش" لەنێو زانکۆی مووسڵ کە لە سەردمی خەلافەتەکەی ئەبو بەکر بەغدادی کرابوویە مۆڵگە و سەربازگە بۆ چەکدارانی ئێستا ھەزاران کچ و کوڕ لە گۆڕەپان و کافتیریا و نێو ھۆڵەکانی خوێندن جمەیان دێت و بۆ یەکەم جار لەدوای رزگارکردنی شارەکەیان دەستییان داوەتەوە قەڵەم و ئەو کتێبانە دەخوێننەوە کە پێشتر لێیان قەدەغەکرابوو.
لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ داعش لە رێگەی چەند سەد چەکدارێکی کەمەوە توانی مووسڵ کۆنتڕۆڵ بکات، ئیدی دواتر خوێندنی لەسەر ریتمی خۆی داڕشتەوە و ئەوەش وایکرد زۆرینەی ھەرە زۆری مامۆستا و قوتابییان نەچنەوە بۆ دەوام و دواتریش زانکۆ دەرگاکانی داخست.
لەگەڵ چوونە ژوورەوەی کەمپی زانکۆی مووسڵ ھێشتا شوێنەوارەکانی سێ ساڵ حوکمڕانیی داعش درکی پێ دەکرێت، پاراستنی ئاسایشی شوێنەکە و پشکنینی ئەو میوانانەی دەچنە ژوورەوە و پرسیارکردن لێیان، تا دەگاتە تەخت بوون و شوێنەواری مووشەک و فیشەکەکان بە باڵەخانەکانی ئێرەوە.
لەنێو کەمپەکە چەندین باڵەخانە ھەیە کە پێشتر شوێنی وەرگرتنی زانیاریی و پەروەردەکردنی ھەزاران قوتابی و پێگەیاندنییان بوون، کەچی ئێستا جگە لە پاشماوە و وێرانەیەک ھیچی تر نییە و ھیچی بەسەر ھیچەوە نەماوە بۆ خوێندن.
لەنێو خاپوورییەکانی شەڕ، باڵەخانە کەوتووەکان، بۆنی وێرانەیی جموجۆڵی دەستپێکردنەوەی ژیان لێرە ھەست دەکرێت، زانکۆکە دەیەوێت لەسەر پێی خۆی راوەستێتەوە.
بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی مووسڵ، عەبدولکەریم ئەتروشی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند زانکۆی مووسڵ دووەم گەورەترین سەنتەرەکانی زانستی و توێژینەوەییە لە عێراقدا لەدوای زانکۆی بەغدا، زانکۆکە لە ساڵی ١٩٦٧ دامەزراوە، ٢٣ کۆلێژ لە ١٢٠ بەش لەخۆدەگرێت، زیاتر لە ١٢٠ تاقیگەی زانستی و توێژینەوەیی ھەبووە و ئێستا زۆرینەی ھەرە زۆریان لەناوچوون یان سووتێنراون یان تاڵانکراون.
لەبارەی ئەو زیانەی بەر زانکۆکە کەوتووە لە سەردەمی قەڵەمڕەویی داعش و ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی شارەکە ئەتروشی رایگەیاند "زانکۆی مووسڵ زیانی زۆری بەرکەوت لە ئەنجامی حوکمڕانیی داعش و کردە سەربازییەکان، بە شێوەیەک زیاتر لە ٧٠ لەسەدی زانکۆ وێران بووە".
گوتیشی لەدوای رێنماییەکانی وەزیری خوێندنی باڵای عێراق و سەرۆکی زانکۆی مووسڵ، ئوبەی سەعید دێوەچی دەستکراوە بە بونیادنانەوەی بەشێکی زانکۆ و سەرەتا بە ھەوڵی کادیرە ئەندازەیی و ھونەرییەکان ھەڵساون بە گەڕانەوەی تەزووی کارەبا بۆ کۆلێژەکان و بەشەکانی.
عەبدولکەریم ئەتروشی گوتیشی: "ئامادەگی کردەیی لە قوتابیان و مامۆستایان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ بوو، خوێندن بە شێوەیکی زۆر زەحمەت دەستی پێکرد، وێرانەییکی زۆر ھەبوو و کۆڵیژێکی زۆرمان ھەیە بەتەواوەتی وێران بوون، بۆ نموونە کۆلێژی ڤێتیرنەری دەوامییان لە کۆلێژی دەرمانسازییە و چەندین کۆلێژی دیکە بە ھەمان شێوەیە، ھەرچۆنێک بێت دەستکراوە بە خوێندن ھەرچەند ھیچ تاقیگەیەکی زانستی لێرە نەماون و کەموکوڕییەکی زۆر ھەیە".
سەبارەت بە ژمارەی قوتابیان ئەو بەرپرسە دەڵێت زانکۆی مووسڵ لە بارودۆخی ئاسایی نزیکەی ٥٠ ھەزار قوتابیمان ھەبوو پێش ھاتنی داعش، جگە لە خوێندنی ئێواران، بۆ ئەمساڵی خوێندنی ٢٠١٧-٢٠١٨ زانکۆی مووسڵ ١١ هەزار قوتابیی وەرگرتووە کە لە رێگەی قبووڵی ناوەندییەوە بووە، جگە لە خوێندنی ئێواران و وەرگرتنی راستەوخۆ، بە گشتی ئێستا سەرووی ٤٥ ھەزار قوتابی ھەیە لەم زانکۆیە دەخوێنن.
ئەتروشی دەشڵێت لێرە و لەوێ چەند رێکخراو و وڵاتێک ھەماھەنگی و یارمەتییەکانییان دەگەیەننە زانکۆ بۆ ئەوەی دووبارە بتوانێت لەسەر پێی خۆی رابوەستێت، ئەو باسی لە ٣٥ موەلیدەی بەرھەمھێنانی کارەبا کرد کە لە لایەن رێکخراوی یو ئێن دی پی-یەوە پێیانگەیشتووە، ھەروەھا چەندین یارمەتی کۆری و کەنەدی و بەریتانی و ھی دیکەش ھەن.
کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆکە کە ھەر لەو کەمپی زانکۆییەدایە زیانی زۆری بەرکەوت و ھەرچی کتێب و سەرچاوە ھەبووە سووتێنران، عەبدولکەریم ئەتروشی گوتی: "نزیکەی ٨٠ ملیۆن کتێبی کاغەزی، ئەلیکترۆنی، سەرچاوە و نووسراومان ھەبوو ھەموویان سووتان و لەناوچووون کە ئەوە سەرچاوەی زۆر باش و دەگمەن بوون بۆ قوتابییان و مامۆستایان".
ھەروەھا باسی لەوەکرد کە دووەم گەورەترین چاپخانەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆکەیان لەناوچوو و سووتێنرا و تاڵانکرا، ھەروەھا زۆر تاقیگەش ھەبوو ھەموویان لەناوچوون.
لێرە دوای سێ ساڵ ئێستا قوتابییەکان سوورن لەسەر تەواوکردنی ئەوەی داعش پێی بڕین و نەیھێشت تەواوی بکەن، ھەندێک لە قوتابییەکان سەرقاڵی خوێندن و بەشێکیان سەرقاڵی گفتوگۆکردن و بەشێکشیان لەنێو گۆڕەپانی زانکۆکە دەگەڕان و باسی رابردوو و داھاتوویان دەکرد کە داعش ھەمووی لێ تێکدان و دەبێت دووبارە کاری بۆ بکەنەوە تا بیخەنەوە سەر رێڕەوی نەخشەکانییان.