هه‌ولێر
چه‌كدارانی داعش جگه له كۆلێژی پزیشكی كه ده‌رگایان كردبوویه‌وه و ئه‌وه‌ش به قسه‌ی چه‌ند خوێندكارێك بۆ ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر پزیشك په‌كیان نه‌كه‌ویت، زانكۆی داخستبوو.
ئێستا نیوه پتری پایته‌خته نیوه ناچڵهكهی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش، واته شاری مووسڵ داعش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ردا ناڕوات و له‌ده‌ستی هێزه‌كانی عێراقدایه، پاش زیاتر له دوو ساڵ و شەش مانگ له قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی و چه‌كداره‌كانی.
خه‌ڵكی مووسڵ هێشتا به‌ته‌واوه‌تی له‌وه دڵنیانیین كه ئیدی داعش چوو و نایه‌ته‌وه، ئه‌مان وه‌كو ئه‌وه‌ی هێشتا له نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك ده‌رچووبن و له‌شیان و مێشكیان ته‌واو سڕه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی كلیلی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێك كه حوكمڕانیی داعشی بینیوه و ئازاره‌كانی چه‌شتوون له‌و شاره پاش متمانه پێ كردن به به‌رامبه‌ر ئیدی چیرۆكه تاڵه‌كان تا بڵێی هێنده به ئازاره‌كان كه هاوتایان نییه، دەگێڕنەوە.
لێره له شاری مووسڵ، بۆ هه‌ر كوێیه‌ك ده‌چیت چیرۆكی تاڵ و شوێنه‌واری خاپووركراو ده‌بینیت، ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ یه‌ك رۆژ به‌نێو مووسڵدا بگه‌ڕێت ئه‌وه‌ی بۆ روون ده‌بێته‌وه كه وێرانكردن و خاپووركردنی زۆر له‌سه‌ر ده‌ستی داعش له‌و شاره به‌دی هاتووه و سه‌رباری ئه‌و سه‌رمایه زۆره‌ی داعش هه‌یبوو، به‌ڵام هیچ دیمه‌نێكی خزمه‌تگوزارییه‌كی ئه‌وتۆ نابینرێت كه ئه‌مان بۆ خه‌ڵكی مووسڵییان دابین كردبێت.
گوزه‌ركردن به‌نێو هه‌ر گه‌ڕه‌كێكی ئه‌مسه‌ر تا یه‌كێكی دی له‌وسه‌ر هه‌مان چیرۆكت بۆ دووباره ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌ویش وێرانكارییە.
گه‌ڕه‌كی زانكۆ، یه‌كێكه له‌و گه‌ڕه‌كه دیار و به‌رچاوانه‌ی شاری مووسڵ كه شوێنێكی گونجاو و پوخته‌ی هه‌یه، ئه‌م گه‌ڕه‌كه پێش حوكمڕانیی داعش له شاره‌كه به یه‌كێك له جوانترین و خاوێنترین گه‌ڕه‌كه‌كان هه‌ژماركراوه كه زۆرینه‌ی دانیشتووانی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ش له خه‌ڵكی ناسراو و كه‌سانی رۆشنبیر و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز لێی نیشته‌جێ بوون، هه‌روه‌ها گه‌ڕه‌كێكی جیاوازبووه له‌وانی دیكه.
ئێستا گه‌ڕه‌كی زانكۆ وێرانكارییه‌كی زۆری تێدایه، چه‌ندین سه‌ره كۆڵان هه‌ن كه بەربەستی کۆنکرێتی بڕاون، ناوه‌ڕاستی زۆر شه‌قام شوێنه‌واری هێرشه سه‌ربازییه‌كان و بۆمبه‌كانی پێوه دیاره، عزه‌دین كه گه‌نجێكی ئه‌و گه‌ڕه‌كه بوو بۆ تیمه‌كه‌ی ئاژانسی ئانادۆڵو له‌نێو مووسڵ به داخێكی زۆره‌وه ده‌یگوت ئه‌و دوو ساڵ و نیوه‌ی داعش حوكمڕانیی كردوون شاره‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ ده‌یان ساڵ گێڕاوه‌ته‌وه بۆ دواوه.
عزه‌دین ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی داعش شاره‌كه‌یان كۆنتڕۆڵكرد له 10ی حوزه‌یرانی 2014 قوتابی زانكۆی مووسڵ بووه و ئه‌م ده‌یویست له‌رێگه‌ی كۆلێژی هونه‌ره‌وه كه تێیدا ده‌یخوێند ببێته وێنه‌كێشێكی گه‌وره‌ی جیهانی و ناوی مووسڵ و عێراقیش به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵام وه‌كو خۆی ده‌ڵێت" وێنهكێشانیشم بیرچووه‌ته‌وه".
زانكۆی مووسڵ پێش داعش یه‌كێك بوو له‌و زنکۆیانەی لە ریزبەندی زانكۆكانی جیهاندا بوو، و به سه‌رچاوه‌یه‌كی زانستی و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفی گه‌وره داده‌نرا، ئێستا داعش له بری زانست و زانیاری گڕی له‌م زانكۆیه به‌ردا، قوتابییه‌كانی نارده‌وه ماڵه‌وه، كتێبخانه ناوه‌ندییه گه‌وره‌كه‌شی سووتاند، دووكه‌ڵی گڕتێبه‌ردانی بۆ باڵه‌خانه‌كانی، شكاندنی كه‌لوپه‌ل و پێویستییه‌كانی به‌دیاری بۆ شاره‌كه پێ بوو.
ئێستا له‌نێو زانكۆی مووسڵ شوێنه‌واری چه‌ندین باڵه‌خانه‌ی رووخا‌و، بۆمبڕێژكراو و ته‌قێنراوه، وێرانه‌یی دیكه ده‌بینرێت، به‌ڵام به‌لای زۆرێك له قوتابییه‌كانی ئه‌م زانكۆیه و مامۆستاكانیشی سووتاندنی كتێبه‌كانی كتێبخانه‌ی ناوه‌ندیی زانكۆ ره‌نگه ره‌فتاره‌كانی چه‌ندین داگیركاری كه‌م هه‌بووبێتن و ئه‌مان ئه‌م له‌ناوبردنه‌ی كتێبه‌كانی زانكۆ له‌لایه‌ن داعشه‌وه به ره‌فتاره‌كانی هۆلاكۆ ده‌چوێنن كه له كاتی داگیركردنی بۆ به‌غدا له‌ساڵی 1258ی زاینیی كردی و هه‌ڵسا به له‌ناوبردنی كتێبه‌كانی به‌غدا و هه‌مووی خستنه نێو رووباری دیجله‌وه تا وای لێهات دیجله به ره‌نگی مه‌ره‌كه‌بی كتێبه‌كان ره‌ش ببوو.
مه‌غۆله‌كان دوای 12 رۆژ له گه‌مارۆدانی به‌غدا له‌ساڵی 1258 چوونه نێو شاره‌كه، دوای ئه‌وه‌ی كه‌وت و هه‌رچی شوێنی زانست و زانیاریی هه‌بوو و هه‌رچی شوێنی كتێب و شوێنه به‌ناوبانگه‌كانی شاره‌كه بوو وێرانییان كرد، خستنه نێو دیجله‌ی كتێبه‌كانی كتێبخانه‌كانی به‌غدا دڕندانه‌ترین كاره‌كانی هۆلاكۆ و مه‌غۆله‌كان بوو كه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت مێژوو وه‌كو په‌ڵه‌ی ره‌ش له پاڵ چه‌ندین كاری قێزه‌ونی مه‌غۆله‌كان باسی ده‌كات.
سه‌رچاوه‌كانی مێژوو باس له‌وه ده‌كه‌ن كه مه‌غۆله‌كان بۆ 40 رۆژ ئه‌وه‌ی پێیان خۆش وه‌كو رق و تۆڵه‌یه‌ك له خه‌ڵكی به‌غدا كردییان، هه‌موو حهرامهكانییان بۆخۆیان حهڵاڵكرد و رق و كینه‌یه‌كی زۆریان به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی به‌غدا كه له مێژه به ئه‌هلی زانست ناسراون نیشاندا و ئه‌و رووداوانهشیان تۆماركراوه.
محه‌مه‌د ناجی یه‌كێكه له قوتابییه‌كانی زانكۆی مووسڵ، ئه‌مڕۆ وه‌كو ركابهرایهتییهك بۆ ره‌فتاره‌كانی داعش كه دوو ساڵ و نیو ده‌بێت ده‌رگای زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری زانكۆكانی به بیانووی "زانستی نادروست و ناشه‌رعی" داخستووه له‌گه‌ڵ ده‌یان قوتابیی هاوڕێی له‌نێو زانكۆی مووسڵ چه‌ندین دروشمییان هه‌ڵواسی له‌پاڵ ئاڵای عێراق و گوتیان كه ده‌بێت مووسڵ بگه‌ڕێته‌وه دۆخی ئاسایی خۆی.
محه‌مه‌د بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ئێمه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له هاوڕێی زانكۆییمان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له رێكخراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌ڵساوین به ئاماده‌بوون له زانكۆ و له‌نێو ئه‌م وێرانكارییه‌وه به داعش و جیهان ده‌ڵێن كه ئێمه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ خوێندن و ده‌بێت مووسڵ بگه‌ڕێته‌وه بۆ شاری زانست و پێغه‌مبه‌ران، ده‌بێت خوێندن ده‌ست پێ بكات و ئه‌و ساڵانه‌ی تاریكی قه‌ره‌بوو بكه‌ینه‌وه و له‌و پێناوه‌شدا هه‌مووان ئاماده‌یی هه‌موو شتین".
له‌سه‌ر ده‌رگای سه‌ره‌كی زانكۆی مووسڵ محه‌مه‌د و هاوڕێكانی چه‌ندین دروشمیان به‌رز كردبوویه‌وه، ئه‌و گه‌نجانه‌ی دڵخۆش ده‌رده‌كه‌وتن سه‌رباری هه‌موو شت، به‌شێكیان به سێڵڤی گرتن له‌گه‌ڵ زانكۆ وێرانه‌كه‌یان بوون، وه‌كو ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت نوێترین وێنه‌ی زانكۆكه‌یان بگه‌یه‌نن به‌وانه‌ی هێشتا له تاوانكاریی داعش تێنه‌گه‌یشتوون یان به‌چاوی خۆیان نایبینن.
به‌شێكی دیكه‌ی قوتابییان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسیان له‌وه ده‌كرد كه به‌م نزیكانه ده‌ست به هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی كتێب ده‌كه‌ن بۆ زانكۆكه‌یان، چه‌ند قوتابیەکی کچ ده‌یانگوت هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان له‌لای خۆیانه‌وه ده‌ست پێكردووه.
له به‌ر ده‌رگای زانكۆی مووسڵ كه پێشتر له‌لایه‌ن داعشه‌وه جگه له كۆلێژی پزیشكی وه‌كو قوتابییه‌كان ده‌یانگوت ده‌رگای هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی داخستبوو، بلدۆزه‌رێك هه‌یه و یه‌كێك له قوتابییه‌كان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " داعش چه‌ندین ناوچه‌ی له زانكۆی مووسڵ به‌م بلدۆزه‌ره وێران‌كرد و ئه‌و ئامێره‌ی بۆ كاولكردنی زانكۆكه بهكاردەهێنا".
گوتیشی: "داعش رۆیشت، تاوانكارییه‌كانی هێشتا ماون، خوا له‌ناویان ببات، ئه‌وه‌ی كردییان ته‌نها تاریكی بڵاوكردنه‌وه و نه‌زانین بوو، چاره‌نووسی زۆر كه‌سیان لەناوبرد، خوا لێیان خۆش نابێت".
هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وه‌ی له زانكۆی مووسڵ ده‌بینرێت له وێرانكاریی به‌ته‌نها شوێن نییه كه له مووسڵ به‌و شێوه‌یه وێران بووبێت، به‌ڵام سه‌رباری قوتابخانه، نه‌خۆشخانه، چه‌ندین شوێنی دیكه به‌لای قوتابیان و مامۆستایانی زانكۆوه داعش به وێرانكردنی زانكۆ مه‌رگی خۆی راگه‌یاند و ئه‌وه‌ی زانست ره‌ت بكاته‌وه چاره‌نووسی له داعش باشتر نابێت.
ئێستا له نێو زانكۆی مووسڵ، نه كتێب هه‌یه، نه خوێندن، نه زانست ده‌خوێندرێت نه چراكانیش هه‌ڵكراون، لێره جگه له قه‌وانی فیشه‌كه‌كان، شوێنه‌واری بۆمبه‌كان، دووكه‌ڵ و شوێنه‌واری سه‌ربازی هیچ له‌وه ناچێت ئه‌م شوێنه جێگه‌ی پێگه‌یاندنی زانستی بووبێت.
ئه‌وه‌ی مه‌غۆله‌كان و هۆلاكۆ پێش 759 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌رامبه‌ر به بهغداییهكان كردییان و هێشتا به په‌ڵه‌ی ره‌ش بۆیان هه‌ژمار ده‌كرێت، داعش ئه‌مجاره به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی مووسڵ كردی و بۆ هه‌تا هه‌تایه مێژوو وه‌كو په‌ڵه‌ی ره‌ش بۆ داعشیشی ده‌نووسێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

