Hamdi Yıldız
19 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2020
ئیستانبوڵ - AA
لە شاری سوێز-ی میسر، خۆپیشاندان دژ بە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، عەبدولفەتاح ئەلسیسی سازکرا.
بە پێی هەندێ گرتەی ڤیدیۆیی کە لە کەناڵی تەلەڤيزیۆنی موکەمیلین و تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکراوەتەوە، گرووپێک لە ناوچەی عەرەب مەعمەل لە شاری سوێز-ی خۆرهەڵاتی قاهیرەی پایتەخت، خۆپیشاندانی دژ بە سیسی رێکخستووە.
خۆپیشاندەران هوتافی ''ناتوانم بخەوم ئاسوودە نابم، بڕوخێ سیسی بڕوخێ'' و بە ئاماژە کردن بەو خۆپیشاندانەی بڕیارە ٢٠ی ئەیلوول سازبکرێت پەیامی ''ناترسین، ناترسین، لەنێوان ئێمە و تۆدا رۆژی ٢٠ی ئەیلوول هەیە''یان بە رژێم دەگەیاند.
کەناڵی موکەمیلین کە سەربە ئۆپۆزسیۆنی رژێمی میسرە، سەبارەت بەو خۆپیشاندانە لە هەواڵێکیدا باسی لەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکان بە توندی رووبەڕووی خۆپیشاندانەکە بوونەتەوە و بەشێوەیەکی گشتگیر دەستگیرکردنیان ئەنجامداوە.
لەو لێکدانەوانەی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکە کراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو خۆپیشاندانە ئامادەکاری سەرەتاییە بۆ ئەو خۆپیشاندانە گەورەیەی چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٠ی ئەیلوولدا دژ بە رژێم ساز بکرێت.
سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی میسری، محەمەد عەلی کە لە ئیسپانیا دەژی، داوای لە گەلەکەی کردبوو لە ٢٠ی ئەیلوولەوە خۆپیشاندان دژ بە رژێمەکەی سیسی ئەنجام بدات.