Ramal Mahmood
30 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2016
قاهیرە - AA
دوای بارانێکی بەخوڕ لە ژمارەیەک پارێزگای میسر لافاو رووی دا و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون و سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی قوربانیان بۆ ١٠١ کەس بەرزبووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی میسر، خالید موجاهید بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، دابارینی بارانی بەخوڕ لە ژمارەیەک پارێزگای میسر بووە هۆی روودانی لافاو و لەئاکامدا ٢٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٧٢ی دیکەش بریندار بوون.
موجاهید لەبارەی دابەشبوونی قوربانیان بەسەر پارێزگاکان گوتی: "نۆ کەس لە پارێزگای دەریای سوور، نۆ کەس لە پارێزگای باشووری سینا، هەشت کەس لە پارێزگای سۆهاج و سێ کەسی دیکەش لە پارێزگای قینا، خنکاون".
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی میسر-یش لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو کە سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی فەرمانی داوە بە تەرخانکردنی ١١ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.