Ramal Mahmood
13 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2016
مەلیبۆرنا - AA
لەنزیک شاری کرایستشرشی نیوزلەندا بوومەلرزەیەک بە هێزی 7.8 پلە بە پێوەری ریختەر رووی دا.
بەپێی راگەیەندراوێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکا، زەمینلەرزەیەک بە هێزی ٧،٨ پلە بە پێوەری ریختەر بەدووری ٩١ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی باکووری شاری کرایستشرش لەنیوە شەودا (بەپێی کاتی خۆجێی) روویداوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کەس گیانی لەدەست نەداوە. ناوەندی وریاکەرەوەی تسۆنامی ئەمریکا لە دوای روودانی زەمینلەرزەکە هۆشداری دا لە ئەگەری روودانی تسونامی.
سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێکدا نووسیوویەتی "هیوادارم دوای زەمینلەرزەکەی ئەم ئێوارەیە هەموو هاووڵاتییان لە دڵنیایی دابن. فەرمانگەی بەرگری شارستانی نیوزلەندا لەکاریگەرییەکانی زەمینلەرزەکە دەکۆڵێتەوە".
نیوزلەندا لە پشتێنەی ئەو ناوچانەدا جێ دەگرێت کە زوو زوو زەمینلەرزە لێیان روو دەدات. لە ساڵی ٢٠١١ زەمینلەرزەیەک بە هێزی 6.3 پلەی ریختەر روویدا و ١٨٥ کەس گیانیان لەدەست دا.