Övünç Kutlu,Ramal Abdullah Mahmood
09 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2017
نیویۆرک – AA
بەمەبەستی ئیدانەکردنی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل، هەزاران فەڵەستینی و موسڵمان لە گۆڕەپانی بەناوبانگی تایمز لە نیویۆرک گردبوونەوە.
خۆپیشاندەران رەخنەیان لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گرت و دروشمەکانی "ئەمە قبوڵکراو نییە. فەڵەستین ئازاد دەکرێت"، "ئیسرائیل تیرۆریستە و فەڵەستین ئازاد" دەگوتەوە و سترانی "ئازاد ئازاد فەڵەستین. هەر بژی فەڵەستین"یان دەچڕی. هەروەها دروشمەکانی "ئیسرائیل یەکسانە بە رەگەزپەرستی و کۆمەڵکوژی"، "قودس هێڵی سوورە"، "کە مرۆڤەکان دەخرێنە ژێر داگیرکاری خۆڕاگری رەوایە"، "قودس خاکی موسڵمانانە، کەس ئەم راستیەی پێ ناگۆڕدرێت" بەرزکردبۆوە.
جوولەکە ئۆرتۆدۆکسییەکانیش رەخنەیان لەو بڕیارەی ترەمپ و سیاسەتەکانی ئیسرائیل گرت و دروشمی "دەبێ هەموو خاکی فەڵەستین بۆ فەڵەستینییەکان بگێڕدرێتەوە" بەرزکردبۆوە.
خۆپیشاندەران ئاڵایەکی زۆر گەورەی فەڵەستینیان کردەوە و بەمجۆرە بەشێک لە رێگاکانی هاتوچۆی نێوان شەقامی حەوتەم و کۆڵانی ٤٢ داخران.
نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وێڕای بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
هەروەها ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە ٥ی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە، لە ساڵی ١٩٨٠ش تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبن و هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیل بن.