Ramal Mahmood
23 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2016
بەیروت - AA
پیاوی ئایینی شیعە عەباس جەوهەری رایگەیاند کە پێکهاتەی شیعە دەستیکردووە بە لێپرسینەوە لە بوونی حزبوڵڵا و چەکدارە شیعەکان لە سووریا.
سەرۆکی ناوەندی لیکۆڵینەوە و دیالۆگی عەرەبی و گەورە پیاوی ئایینی شیعە عەباس جەوهەری لەبارەی بوونی حزبوڵڵا و چەکدارە شیعەکان لە سووریا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
جەوهەری ئاماژەی بەوە دا کە هەر کەسێک لێپرسینەوە لەوە بکات کە ئاخۆ چەکدارە شیعەکان بۆچی بۆ جەنگ چوونەتە سووریا هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی ناکاتە سەر باوەڕیان. ئیدی کۆمەڵگای شیعە قسە لەبارەی ئەم بابەتانەوە دەکات، گوتی: "ئەمڕۆ ئەم پرسیارە لای شیعەکان گرنگی زۆری پێ دەدرێت. لە ساڵانی سەرەتای جەنگەکە تەنانەت ناوهێنانی ئەو پرسیارەش قەدەغە بوو. بەڵام ئەمڕۆ خێزانە شیعە مەزهەبەکان ئەم پرسیارە ئاراستەی حزبوڵڵا دەکەن. چونە ناو جەنگی سووریا بۆچی پێویست بوو؟ لە دۆخێکدا کە سەرکەوتنی بچووک و چوونە ناو زەلکاوی گەورە لە گۆڕێن... لە کاتێکدا رۆژانە تەرم دێتەوە بۆ ماڵە شیعەکان لە لوبنان بەڵام وڵاتانی گەورەی وەک رووسیا و ئێران بێئەوەی باجی ئەمە بدەن سەرکەوتن بەدەست دێنن ئەمەش وایکردووە ئیدی خەڵک ئەم پرسیارانەی لەلا دروست بێت. پێکهاتەی شیعە دەزانێت کە ئەم جەنگە بووەتە یارییەک بەدەست کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بۆیە دەپرسن کە بۆچی حزبوڵڵا بووەتە لایەنێکی ئەم جەنگە".
جەوهەری ئاماژەی بەوە دا کە هەر لە رۆژی یەکەمەوە رەخنەی لە حزبوڵڵا گرتووە بەوەی لایەنگری لە رژێمی بەشار ئەسەد دەکات.
ناوبراو رەخنەی ئەوەیشی لێگرتن کە لە مەزهەبی شیعە دەرچووە، گوتی: "چونە جەنگ بۆ پشتیوانی رژێم لە سووریا و پشتگرتنی ستەمکار دەرچوونە لە بنەماکانی ١٢ ئیمامی شیعە. ئێمە شیعایەتی لە ئیمامی حوسەین فێربووین تا لە دژی ستەمکاری بوەستینەوە. لەوانەیە حزبوڵڵا بۆ ئەمە پاساوی خۆی هەبێت، بەڵام پاساوەکانی هیچ رەوایەتییەکیان نییە. چوونە جەنگەوە لە بەرەی دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژ و دژە گەل هەڵەیەکی مێژوویی حزبوڵڵایە. زۆر نیگەرانین بەوەی سووریا بەمجۆرە کراوەتە وێرانە، بە بینینی ئەو دیمەنە ناخۆشانە هیچمان لە دەست نایەت، تەنها دەتوانین بگرین".