Muhammet Ali Kemal
04 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2016
لە پارێزگای دیالەی خۆرهەڵاتی عێراق، هەزاران کەسی ئاوارە کە بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە ماڵ و حاڵیان بوون، بەهۆی هەڕەشەی چەکدارە شیعەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی لێی نیشتەجێبوون.
پێنج هەزار خێزانی سوننە کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە لە ناوچەکانی شارەبان و سەعدییە ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لە کەمپێکی ئاوارەکان لە خانەقین درێژە بە ژیانیان دەدەن. ئەو ئاوارانە بەهۆی هەڕەشەی رفاندن و کوشتنیان لەلایەن چەکدارە شیعەکانەوە، پێیان باشە لە کەمپەکەدا بمێننەوە و ئەوێ بە شوێنێکی سەلامەتتر دەزانن.
یەکێک لە ئاوارەکانی سەعدییە لە کەمپەکە بەناوی ئوم نور، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنیری ئاژانسی ئانادۆڵو، گوتی: ''لە سەعدییەوە کۆچمان کردووە، ژیان لەم کەمپە زۆر ناڕەحەتە. کەشوهەوا زۆر زۆر گەرمە و ئاو و کارەباشمان نییە، بەڵام بەهۆی ترسمان لە چەکدارە شیعەکان، پێمان وایە ئێرە باشترە. لەوێ چەکدارەکان خەڵک دەڕفێنن، دەیانکوژن و تاڵانی دەکەن. هەر بۆیە گەڕانەوەمان بۆ سەعدییە مەحاڵە''.
لای خۆیشییەوە ساجیدە لەتیف کە لەگەڵ پێنج لە منداڵەکانیدا لە هەمان کەمپدا ژیان بەسەردەبات، گوتی: ''هیوادارین کە بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵمان بەڵام بەهۆی رووداوەکانی کوشتن و رفاندنەوە ناتوانین. هیچ لایەکیش تا ئێستا بەتەنگمانەوە نەهاتووە کە کار بۆ گەڕانەوەمان بکات''.
حاجی عەبدوڕەحمانی تەمەن ٧٦ ساڵیش گوتی:''تاکە هیوای ئێمە ئەوەیە کە گەڕاینەوە ئاسایشمان بۆ دەستبەربکرێت، بەڵام ئەوە وەک خەونی لێهاتووە بۆ ئێمە. هێشتا ئەوە قبووڵ نەکراوە کە بگەڕێینەوە و ئەگەر بگەڕێینەوە یەکسەر دەمانکوژن''.