Zana Natık Kerem
31 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2025
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، دۆخی عێراق و ھەرێم، ھەروەھا پێشھاتەکانی سووریا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان، تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شەوێ ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، بیروڕایان لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، دۆخی عێراق و ھەرێم، ھەروەھا پێشھاتەکانی سووریا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئاڵوگۆڕکردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە گرنگی چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە، ھەروەھا بەردەوامی گفتوگۆی ھەرێمی کوردستانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا بە گرنگ بۆ سەقامگیریی عێراق لە قەڵەم داوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی ھەرێمی بۆ پشتگیری و ڕۆڵی دۆستانەی فەڕەنسا و ئیمانوێل ماکرۆن لە یارمەتیدانی عێراق و ھەرێم، بەتایبەتی لە ڕۆژگارە سەختەکاندا دووپات کردووەتەوە، ھەروەھا ئاماژەی بەوە داوە کە گەل ھەرگیز ھاوکارییەکانی فەڕەنسا لەبیر ناکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەبەرامبەردا، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن جەختی کردووەتەوە لە بەردەوامی پشتگیریی فەڕەنسا لە عێراق و قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان و تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە فەڕەنسا بە بایەخێکی زۆرەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێم دەڕوانێت، ھەروەھا ستایشی ھەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کردووە لەپێناو سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
ڕاشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئیمانویڵ ماکرۆن پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە نێچیرڤان بارزانی کردووە و تیشکیان خستووەتە سەر ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، ھەروەھا ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگی پاراستنی مافەکانی پێکھاتەکان لە عێراق و سووریا و داکۆکییان لە پاراستنی مافەکانی کورد لە سووریا کردەوە و چەندین پرسی دیکەیان کە جێی بایەخی ھاوبەش بوون، تاوتوێ کردووە.