Hemin Othman Mohammed
31 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2025
ھەورامان ـ AA
بە مەبەستی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی پیرشالیاردا کە ساڵانە لە ناوەڕاستی وەرزی زستاندا ساز دەکرێت، ھەزاران کەس ڕوو لە ناوچەی ھەورامانی تەخت لە سنووری پارێزگای سنە دەکەن.
ڕێوڕەسمی پیرشالیار ساڵانە لە دوو کاتی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت؛ یەکەم لە ناوەڕاستی وەرزی زستاندا کە سێ رۆژ دەخایەنێت، دووەمیش لە ناوەڕاستی وەرزی بەھاردا کە بە ڕێوڕەسمی کۆمسا ناسراوە.
ئەم ڕێوڕەسمە ڕۆژی یەکەمی (کە لە کۆتا ڕۆژی چوارشەممە لە مانگی کانوونی دووەمى ھەموو ساڵى بەرێوەدەچێت) لە بەیانی زوودا بە کڵاوڕۆشنە دەستپێدەکات، کە تیایدا منداڵان بەسەر ماڵاندا دەگەڕێن و گوێزی باخی پیرشالیار بەسەر منداڵان و ماڵاندا دابەش دەکەن، ھاوکات ماڵانیش شیرینیان پێدەدەن. پاشان قوربانی دەکرێت و گۆشتەکەی دابەش دەکرێت و خوانی بۆ بەشداربووان پێ ئامادە دەکرێت. ھەروەھا ڕێوڕەسمەکە بە ژەنینی دەف و تەھلیلەی دەروێشان و سروودە ئاینییە عیرفانییەکان بەردەوام دەبێت کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
بەپێی گێڕانەوەکان، پیرشالیار کەسایەتییەکی ناوچەی ھەورامانی تەخت بووە و، مەزارەکەشی ھەر لە ھەمان ناوچەیە و ڕۆژانە خەڵکی سەردانی دەکەن.
سەبارەت بە کەسایەتی و ئایینی پیرشالیار سەرچاوە مێژووییەکان و دانیشتووانی ناوچەکە ڕای جیاوازیان ھەیە، بەڵام ھەموو کۆکن لەسەر ئەوەی کە لە سەردەمی خۆیدا پیرێکی ئاینداری خۆشەویست بووە لای خەڵکی ناوچەکە.
ھەر لە کۆنەوە دانیشتووانی ناوچەکە ساڵانە لە ڕۆژی ئاھەنگی ھاوسەرگیری پیرشالیار کە ئەفسانە و چیرۆکی تایبەتی لەسەرە ڕێوڕەسمی پیرشالیار ساز دەکەن، وەک سەرپەرشتیارانی ئاھەنگەکەش باسی دەکەن مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە.