Heman Hussein Yaseen
23 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی کۆنسولگەریی ژاپۆن لە ھەرێمی کوردستان، ناگایاما یۆشیکۆ و شاندی یاوەری.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانی، وێڕای پیرۆزبایی و بەخێرھێنانی یۆشیکۆ، ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە و ھەموو پشتگیرییەکی بۆ ئەرکی تازەی نیشانداوە، ھەروەھا ویستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ ژاپۆن و ئامادەیی ھەرێمی بۆ پێشوازی لە وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی ژاپۆن دووپات کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە نێچیرڤان بارزانی بۆ ھاوکارییەکانی ئاژانسی ھاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایکا) لە ھەرێمی کوردستان کە ماوەیەکی درێژە لە ھەرێم خزمەت دەکات، ھەروەھا بۆ ھاوکارییە مرۆییەکانی ژاپۆن بۆ ئاوارە و پەنابەران و پێدانی قەرز بە حکوومەتی عێراق و دابینکردنی بەشی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی حکوومەتی ژاپۆنی کردووە.
ئەوەیشی خستووەتە روو کە بەرپرسی نوێی نووسینگەی کۆنسولگەریی ژاپۆن لە ھەرێمی کوردستان، سوپاسی پێشوازی و پشتگیریی نێچیرڤان بارزانی کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە ھەموو ھەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ھاندانی کەرتی تایبەتی ژاپۆنی بۆ کارکردن لە ھەرێم و ھاتنی رێکخراوە ناحکوومییەکانی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دەخاتە گەڕ، ھەروەھا جەختی لەوەیش کردووەتەوە کە ژاپۆن پشتگیری لە سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات.