نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای فەڵەستین و لەڕێی ئەردەن-ەوە کۆبوونەوە و پرسی پلانەکانی ئیسرائیلیان بۆ دروست کردنی ئۆردوگا نایاساییە جوولەکەنشینەکانی ناوچەی قودسی رۆژهەڵاتییان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جیفەرت فێڵتمان یاریدەدەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی بەناوی بانکی مۆن-ەوە وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند بەهۆی پلانی دروست کردنی ١٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی نوێوە کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە و راشیگەیاند بانکی مۆن داوا دەکات ئیسرائیل پەیماننامەکان جێبەجێ بکات و دەستبەرداری دروست کردنی یەکەی نیشتەجێبوونی بێت.
فێڵتمان ئەوەی بیری ئامادەبووان هێنایەوە کە ئیسرائیل لەمانگی ئەیلوولدا بڕیاری دروست کردنی زیاتر لە دوو هەزار یەکەی نیشتەجێی تری داوە و رایگەیاند "ئەگەر ئەم پلانە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە ئەوە گومانەکان سەرلەنوێ زیاتر دەبنەوە لەسەر گەیشتن بەو پەیمانەی کە ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی یەکجارەکی دەیانەوێ وەدی بێنن."
فێڵتمان ئاماژەی بەوەشدا کە دروست کردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەو خاکەی فەڵەستیندا کە داگیر کراوە، لادانە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە رێگری کردن لە چوونە نێو شوێنە پیرۆزەکان، رێگە بۆ ئاژاوەگێڕی خۆش دەکات.