تونس
لە هەڵبژاردنە گشتییەكەی تونس دا، كە رۆژی یەك شەممە بەڕێوەچوو، پارتی نیدای تونسی بە بەدەستهێنانی 85 كورسی بووە یەكەمی هەڵبژاردنەكە، پارتی بزوتنەوەی نەهزەش كە 69 كورسی بەدەستهێنا بووە دووەم لە پلەی دووهەمی ئەو وڵاتە وەستا.
سەرۆكی دەزگای باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی تونس شەفیق سارسار، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە تونسی پایتەخت رایگەیاند: لە كۆی 217 كورسی پەرلەمان پارتی نیدای تونس بە بەدەستهێنانی %39.17ی دەنگەكان بووەتە خاوەنی 85 ئەندام پەرلەمان، بزوتنەوەی نەهزەش بە بردنەوەی 69 كورسی بووەتە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكە.
لە دوای ئەم دوو پارتەوە پارتی یەكێتی میللی ئازاد دێت كە 16 كورسی بەدەستهێناوە، پاشان پارتی بەرەی گەل 15، پارتی ئافاقی تونس 8، پارتی كۆنگرەی كۆماری 4، هەریەكە لە پارتەكانی ئەلموبادەرە، ئەوژمی دیموكراتی، بزوتنەوەی گەل 3 كورسیان بەدەستهێناوە.
ئەو پارتانەی دیكەش كە چوونەتە پەرلەمانەوە بەم شێوەیە لە ڕیزبەندەكە دان: پارتی تەیاری ئەلموحیبە 2 كورسی، پاشان هەر یەك لە لیستی سەربەخۆی لیلجەرید، لیستی سەربەخۆی ڕەدول ئیعتبار، پارتی كۆماری، بزوتنەوەی سۆسیال دیموكرات، پارتی هاوپەیمانی دیموكراتی، بەرەی نەتەوەیی بۆ رزگاری، پارتی نیدا ئەلموهاجیرین بیلهاریج، پارتی یەكێتی دیموكراسی بۆ كار و ئازادییەكان و پارتی دەنگی جوتیاران كە یەكی یەك كورسیان بەدەستهێناوە.