Mücahit Oktay
26 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2022
نەتەوە یەکگرتووەکان- AA
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کاروباری سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان، مارتین گریفیسس، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی پەلامارەکانی رووسیاوە سەدان هەزار هاووڵاتی مەدەنی ئۆکراینی، لە هەوڵدان لە سنووری وڵاتەکەیان بپەڕنەوە.
گریفیسس، لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ناوەندی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند: "لە ئێستادا کە من قسە بۆ ئێوە دەکەم، پێموایە سەدان هەزار مرۆڤ لە ئۆکراینا یاخواد لەسەر سنووری ئەو وڵاتە لە هەوڵی هەڵهاتندان".
ناوبراو، گوتی: "راپۆرتەکان ئەوەمان نیشان دەدەن کە لە سەرتاسەری ئۆکراینادا ناوەندە مەدەنییەکان بۆمباران کراون. بەڵام راپۆرتێکی ورد لە بارەی زیانەکان و رەوشی ژێرخانی ئەو وڵاتەوە نییە. زۆر نیگەرانم لە روشی مرۆیی ئۆکراینا".
مارتین گریفیسس، ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئێستادا هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەگوێزرێتەوە بۆ ئۆکراینا و گوتیشی: "لە ئێستادا هیچ پلانێکمان نییە بۆ بردنەدەرەوەی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئۆکراینا، ئەو وڵاتە جێناهێڵین و هاوکاری هاووڵاتییان دەکەین لە هەموو لایەکی ئۆکراینا".
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کاروباری سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت لە ماوەی دوو رۆژدا بانگەوازێک لە بەرژەوەندی ئۆکراینا، بڵاوبکاتەوە، وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکەش بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم بڕیارەن.