Tarek Fathi Mohamed
12 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2022
نیویۆرک - AA
نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١دا بەرپرسیارێتی کوشتنی ٧٨ منداڵی فەڵەستینی و کەمئەندامکردنی ٩٨٢ منداڵی دیکە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە ئەستۆدایە.
ئەم زانیارییانە لە راپۆرتی ساڵانەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سەبارەت بە "منداڵان و ململانێی چەکداریی بۆ ساڵی ٢٠٢١" خراوەتەڕوو.
لە راپۆرتەكەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیكەی ١٩ هەزار منداڵ بەهۆی "پێشێلكارییە سەختەكان" لە ٢١ وڵاتدا تووشی ئازار بوون کە لەنێویاندا چوار وڵاتی عەرەبی هەیە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لانیکەم پێنج هەزار و ٢٤٢ کچ و ١٣ هەزار و ٦٦٣ کوڕ لە ٢١ وڵاتدا بوونەتە قوربانی پێشێلکارییە قورسەکان.
هەریەک لە سووریا، یەمەن، سۆماڵ و فەڵەستین، ئەو چوار وڵاتە عەرەبییەن کە لە راپۆرتەکەدا ناویان هاتووە.
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە ساڵی رابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل بەرپرسیار بوونە لە کوشتنی ٧٨ منداڵی فەڵەستینی و پەککەوتەکردنی ٩٨٢ منداڵی دیکە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین.
هاوکات سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا هۆشداریی داوە لەوەی کە ئەگەر ئەم ژمارانە لە ساڵی ٢٠٢٢ بەردەوام بن، ئەوا ئیسرائیل دەخرێتە لیستی شەرمەزارییەکانی هاوپێچی راپۆرتی داهاتووی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٢دا نەتەوەیەكگرتووەكان لە رێگەی لیستێكەوە كە لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەژێر ناوی "لیستی شەرمەزاری" كە بە "لیستی رەش" ناسراوە و ناوی ئەو رێكخراو و وڵاتانە لەخۆدەگرێت كە مافی منداڵان لە ناوچە جێناكۆكەكان لە جیهاندا پێشێل دەكەن، بڵاودەکاتەوە.
دەستەواژەی "پێشێلکارییە جەستەییەکان" کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە بە واتای تاوانەکانی کوشتن و کەمئەندامکردنی منداڵان، فریودان و دەستدرێژی سێکسی، سەربازیی زۆرەملێ و بێبەشکردنیان لە دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان، دێت.