نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەكتەری ئەمریكی و باڵیۆزی تایبەتی كۆمیساری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجیلینا جولی بانگەوازی بۆ ئەندامانی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد كە كۆتایی بە قەیرانی سووریا بھێنن.
جوڵی گوتی: "پەنابەرانی سووریا بواریان نییە بێن و باسی كێشەكانیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان بكەن، تكایە ئێوە بچن بە پیریانەوەو ببن بە كەسی یەكەمی رەوشی ژیانیان".
ئەنجیلینا جولی، سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە رەوشی مرۆیی لە سووریا گوتی: "تا ئێستا ١١ كەڕەت سەردانی كەمپەكانی عێراق، ئوردن، لوبنان، توركیا و مالتەم كردووە، خۆزگە ئەو پەنابەرە سووریانەی لەوێ بینیم ھەندێكیان لێرە بوونایە، یان ئەو ژنەی لە عێراق بینیم لێرە بووایە كە كچەكەی لە لایەن چەند چەكدارێكەوە رفێندراوە و كراوە بە كۆیلەی سێكس ئەو ھەستی رووداوەكەی بۆ باس دەكردن".
جولی لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگار بوونەوەی پەنابەران بە رووی برسێتی و كوژرانی كەسە نزیكەكانیان لە پێكدادانەكاندا چەند نموونەیەكی ھێنایەوە و گوتی: "نزیكەی چوار ملیۆن پەنابەری سووری ھەیە، بوونەتە قوربانی جەنگێگ كە لایەنی نین، ھەروەھا كەسیش ئەوانی ناوێت و دەردەكرێن و ھەبوونیان بەزیان لە قەڵەمدەدرێت".
جولی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ئاشكرایكرد كە ئەركی نەتەوەیەكگرتووەكان رێگریە لە پێكدادان، چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكان و پارێزگاریكردن لە مرۆڤ و رزگاركردنیان، بەڵام لە سووریا سەركەوتنیان بە دەست نەھێنا، بەھۆی ئەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەركی خۆی بەجێ نەگەیاندوە رەوش ئەو وڵاتە زیاتر بەرەو جەنجاڵی و تێكچوون رۆیشت.
سەبارەت بە سەردانەكەی لەمانگی شوباتی رابردوو بۆ كەمپی پەنابەرانی سووریا جولی گوتی: "كە چوومە كەمپی پەنابەران لەنێو خیوەتەوە لێیان پرسیم بۆچی ھاوكاریمان ناكەن و گەلی سووریا رزگار بكەن ئایا ئێمە شایەنی ئەوە نین؟، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەوەستاندنی ھۆكاری جەنگ و نەبوونی زانیاری و سیاسی نییە، تەنیا كەمتەرخەمی ئیرادەی ھەیە".
- سێ داواكاری جولی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان
ئەنجیلینا جولی سێ داواكاری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی كرد لەوانە: "یەكێتی بۆ چارەسەر، قبووڵكردنی پەنابەران لەلایەن سەرجەم وڵاتانەوە، گەیاندنی ھاوكارییەكان، بەتایبەتی ناساندنی دەستدرێژی سێكسی وەك تاوانی جەنگ ھەژمار بكرێت و بكەرەكەی سزا بدرێت".
وەك وەبیر ھێنانەوەیەك جولی ئاماژەی بە كۆچی ناچاری ٥٢ ملیۆن كەس لەناوچەكانی جیھان كرد و داوای لە ئەندامانی نەتەوەیەكگرتووەكانیش كرد كە سەردانی پەنابەران بكەن تا لە نزیكە رەوشی ژیانیان ببینن.