Fuat Kabakcı
31 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2019
ھۆنگ کۆنگ ــ AA
خۆپیشاندانەکان لە ھۆنگ کۆنگ، دژبە پرۆژە یاسای رادەستکردنی تاوانباران بە چین، بەردەوامە و پۆلیسیش بە گازی فرمێسکرێژ رووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە.
خۆپیشاندەران ئەمڕۆ شەممە لە بەردەم بنکەی پۆلیسی ناوەندی کۆبوونەوە و پۆلیسیش رووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە.
لە خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران ھەنگاو بە ھەنگاو لە ناوچەکەدا کشانەوە و دواتریش لە ناوچەی ئادمیرالتی گردبوونەوە.
دوای ئەوەی پۆلیس ھەوڵی دا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکات، خۆپیشاندەران تایە و بەربەستی پلاستیکیان لە نزیک بنكەی پۆلیسی وانچی سووتاند.
- خۆپیشداندانەکەی ئەمڕۆ قەدەغە کرابوو
لەلایەکی دیکەوە ئەو خۆپیشاندانەی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە سازبکرێت، بەپێی راگەیەنراوێک لەلایەن پۆلیسەوە، بەھۆکاری ئەوەی کاریگەریی رووخێنەری گەورەی لێدەکەوێتەوە، دوێنێ یاساغ کرا.
یەکێک لە گەورەترین گرووپەکان کە خۆپیشاندانەکەی رێکخستووە، بەرەی مافەکانی مرۆڤە سڤیلەکان-ە، لە کۆمیسیۆنی تەمیزی شارەکە تانەی لە بڕیارەکەی پۆلیس دا و کۆمیسیۆنەکە بە ھۆکاری ئەوەی "خۆپیشاندانەکە ھەڕەشەیە بۆ سەر شیرازەی کۆمەڵایەتیی" تانەکەی رەتکردەوە.
بەرەی مافەکانی مرۆڤە سڤیلەکان لە راگەیەنراوێکدا داوای لێبووردنی لە خۆپیشاندەران کرد و ئاشکرایکرد پشتیوانیی یاسایی پێشکەشی خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوەکان، دەکات.