Gülşen Topçu
04 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2022
کەرتی غەززە/ئیستانبوڵ - AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر دوو خاڵی سەربە بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئەدرەعی لە هەژماری تویتەر بڵاوی کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی، شوێنکارێکی چەکی کردووەتە ئامانج کە ناوەندێکی گرنگە و مووشەکەکانی حەماسی تیایدا دروست دەکرێت.
ئەڤیخای ئەدرەعی باسی لەوەیش کرد کە فڕۆکە جەنگییەکان تونێلێکی حەماسیان لە باشووری غەززە کردووەتە ئامانج، ئەوەشی خستەڕوو کە هێرشەکە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشێکی مووشەکیی ئەنجامدراوە کە لە کەرتی غەززەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل.
ئاماژە بەوەش کرا کە هێرشەکە، هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددی بەر چەند بینایەک کەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە، لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند کە لە رێگەی مووشەکی زەمین-ئاسمان بەرپەرچی هێرشەکانی ئیسرائیلیان داوەتەوە.
گوتەبێژی حەماس، حازم قاسم لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی هەواڵیی ناوخۆیی، باسی لەوە کرد کە هێزە بەرگرییکارەکان بەرپەرچی هێرشەکەی ئیسرائیلیان داواتەوە و نیشانیان دا کە رێگە نادەن ئیسرائیل، هاوکێشەکان بگۆڕێت و بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەلی فەڵەستین.
قاسم ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر گەلی فەڵەستین زیاد کردووە و رایگەیاند: ''ئەم تیرۆری زایۆنیزم و هەڵوێستی نازییانە، ناتوانێت بڵێسەی شۆڕش کە لە ناخی گەلەکەمان دەسووتێت بکوژێنێتەوە و ئێمەش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی گەلەکەمان''.