Gülşen Topçu
02 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2022
قودس - AA
دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل کوشتنی سێ هاووڵاتی فەڵەستینی لە باکووری کەناری رۆژئاوا لەنزیک شاری جەنین راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەزگاکە، هێزێکی هاوبەش کە پێکهاتبوو لە پۆلیسی ئیسرائیل و ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆ لە نزیک شاری جەنین ئۆپەراسیۆنێکیان بە مەبەستی دەستگیرکردنی سێ کەس دەست پێکرد. هێزەکە بە بیانووی ئەوەی لەلایەن سێ کەسەکەوە تەقەی کراوە، هەرسێ هاووڵاتییە فەڵەستینییەکەی کوشت.
بانگەشەی ئەوە دەکرێت سێ کوژراوەکە بەرلە چەند رۆژێک لە شاری تولکەرم لە کەناری خۆرئاوا هێرشێکی چەکدارییان ئەنجامداوە، بەنیازیش بوون لە چەند رۆژی داهاتوو هێرشێکی دیکە ئەنجام بدەن.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا بانگەشەی ئەوەکراوە کە لەناو ئۆتۆمبێلی سێ کوژراوەکەدا چەک و بۆمبی دەستی دۆزراوەتەوە.
تەلەفيزیۆنی فەڵەستین هەواڵی "شەهیدبوونی" سێ هاووڵاتی فەڵەستینی بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل لە نزیک شاری جەنین راگەیاند.
یەکێک لە کارمەندانی مانگی سوور کە شۆفێری ئامبوڵانسە، رایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل تەرمی سێ کوژراوەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
لە ٢٢ بۆ ٢٩ی ئادار بەهۆی چەند هێرشێکەوە کە لە شارە جیاوازەکانی ئیسرائیل روویاندابوو ١١ هاووڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستدابوو.