هەولێر - AA
مامۆستا لە زانستەسیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەددین، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ: "لە حاڵەتێکدا هەرێمی کوردستان وەکو دەوڵەتی کوردستان سەربەخۆیی وەرگرێت، ئەوا سەروەری تەواوی خۆی دەبێت و سەروەری بەسەر سنووری خۆیەوە دەبێت، بۆیە نە سنووری کوردستان و نەخاکی کوردستان نابێتە پێگەیەک بۆ لێدانی بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ".دوای سەد رۆژی دیکە، پڕۆسەی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و تاوەکو ئێستاش قۆناغەکانی دوای پڕۆسەکە لەلای خەڵک روون نەبووەتەوە کە ئایا دوای ئەنجامەکانی ریفراندۆم، دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەرەو چ قۆناغێکی دیکە هەنگاو دەنێت و چاودێرێکی سیاسییش ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەنجامەکانی ریفراندۆم، ئەوا دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دانووستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا چونکە پێی وایە کە هەندێک پرس لەنێوان هەرێم و بەغدا پێویستی بە لێژنەیەکی هەمیشەیی هەیە بەو پێیەی کە لە سەد ساڵی رابردوودا، هەرێمی کوردستان بەشێک بووە لە عێراق.
سەبارەت بەم بابەتە، مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەددین، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرەتا دەبێت لەوە دەست پێبکەین کە مەبەست لە ریفراندۆم چیە و دەرەنجامەکانی چییە، ئەوەی پەیوەستە بە ریفراندۆم لەسەر هەرێمی کوردستان ئەوەیە کەبۆچوونی خەڵکی کوردستان وەردەگیرێت و دوای راگەیاندنی ئەنجامەکەش دەزانین کە خەڵک بە "بەڵێ یان بە نەخێر" دەنگی داوە و دوای ئەوەش ئەگەر زۆرینەی دەنگەکان بە بەڵێ بوون، ئەوا دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم پابەند دەبێت بەوەی کە دەست بە پڕۆسەی سەربەخۆیی بکات، لەیەکەم هەنگاویشدا بریتییە لە دانووستان لەگەڵ بەغدا، ئەوەش رەنگە پڕۆسەیەکی هونەری ئاڵۆزبێت و هەندێکیان پەیوەستە بە هەڵوێستی سیاسیی کە ئایا حکوومەتی بەغدا تا چەند ئامادەیە دانووستانمان لەگەڵ بکات، وە ئەگەریش ئامادەی دانووستان بن ئەوا کۆمەڵێک پرسی ورد و هەستیار هەیە سەبارەت بە سنووری کوردستان، هەروەها هەندێک دۆسیە هەیە کە پێویستی بە هەبوونی لێژنەیەکی هەمیشەیی هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا چونکە لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، هەرێمی کوردستان بەشێک بووە لە عێراق، بەڵام ئێمە کە باسی سەربەخۆیی دەکەین، مانای وایە هەرێمی کوردستان، سەروەرییەکی تەواو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا دەکرێت بەشێک لەو دانووستانانەی لە چوارچێوەی دووبارە رێکخستەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا یان لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵی بێت و دانانی هەندێک دەستەی هاوبەش کە کۆمەڵێک پرسی سیاسیی و ئابووری ئەمنی ئیدارە دەکات".
دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتیشی: "ریفراندۆم بۆ ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان پابەند بکات کە دەست بە پڕۆسەی سەربەخۆیی بکات، لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکانیش، هیچ ئەگەرێک نیە بۆ پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سەربەخۆیی".
ئەو دکتۆرەی زانستە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە هێز و لایەنەکان پێیان وایە ئەم پڕۆسەیە حەزێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەنجامەکانی ئەم پڕۆسەیە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەداتەوە و لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا گوتی: "لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ بە تایبەتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی باسی ئەوە دەکەن کە ئەم پڕۆسەیە حەزێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە یان حەزی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراوە، یان ئەمە راکردنە لە کێشە ناوخۆییەکان، بەڵام کاتێک پڕۆسەکە بەسەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت و گەل بڕیار دەدات ئەوا ئەو کاتە ئەو قسەیە نامینێت و دەبێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی، دوای ئەوەش هەر کەسێک دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە لەسەر دەسەڵات بێت ئەوا ئەو کەسە پابەند دەبێت بە دانووستان لەگەڵ بەغدا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان، بۆ ئەوەی وڵاتان دڵنیابن کە دەوڵەتی کوردی دەستەبەری ئەمنی و ئاسایش و سەقامگیری دەکات لە ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە قازانجی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چونکە هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لەو پرسانەی کە کاریگەری هەبووە لەسەر سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئەگەرچی حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستا بە ئەنجامدانی پڕۆسەکە رازی نەبووە و لەگەڵ مانەوەی یەکپارچەیی خاکی عێراقدایە، بەڵام ئەو پسپۆڕەی بواری سیاسییەت، رەزامەندی حکوومەتی عێراق بە گرنگ دەزانێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: "لەم پڕۆسەیەدا رەزامەندی حکوومەتی عێراق و عێراقییەکان بۆ ئێمە گرنگە و تا چەند ئەو پڕۆسەیە بە گفتوگۆ کۆتایی پێ بێت لە بەرژەوەندی هەموولایەکە و ئەگەریش بەغدا ئامادەنەبوو دانووستان لەسەر مەسەلەی سەربەخۆیی بکات ئەوا دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە دەبێت سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئینجا دەمێنێتەوە سەر هەندێک پرسی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەرێمی کوردستتان و بەغدا ماونەتەوە کە ئەوانیش هەندێک بنەمای دەستووری و یاسایی و نێودەوڵەتی دەبێت".
لەساڵی ٢٠٠٩ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیڤان دیمستورا چەند راپۆرتێکی شیکاری پێشکەش بە عێڕاق کرد کە پشتی بەستبوو بە دەستووری عێراق و ئەو راپۆرتە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئەو مامۆستایەی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەددین ئاماژە بەو راپۆرتە دەکات کە دەبێتە بنەمایەکی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لەمبارەیەوە دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی: "کاتی خۆی کە ستیڤان دیمستورا راپۆرتێکی پێشکەش کرد کە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان و ماددەی ١٤٠ کە ئەوەش دەبێتە بنەمایەکی نێودەوڵەتی، بۆیە خاڵی ئەرێنی ئەوەیە کە پڕۆسەی ریفراندۆم پڕۆسەیەکی زۆر ئارام دەبێت و بەجۆرێکە کە هیچ کێشە و گرفتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ناکات بەڵکو دەبێتە چارەسەری هەمیشەیی کێشەکانی عێراق".
دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەم کۆبوونەوەیەشدا ٢٥ـی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵیان وەک رۆژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم دیاریکرد و دوای ئەوەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە نیگەرانی لێکەوتەوە.
سەبارەت بە کاردانەوەی ناوخۆ و دەرەوە، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی: "تاوەکو ئێستا دژایەتیکردنێکمان نەبینیووە چ لەناوخۆ یان لە دەرەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە هاوڕا نەبوونە، یان نیگەرانن لە پڕۆسەکە، یان گومانیان هەیە لەوەی کە دەرەنجامی پڕۆژەکە کاریگەری هەبێت لەسەر دووبارە دروستبوونی ململانێ نوێ لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر وڵاتێک بەپێی سەروەری خۆی ئازادە کە چۆنن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکات بەڵام کاتێک کە گەلی کوردستان بڕیاریدا کە سەربەخۆیی وەرگرێت و دەسەڵاتی سیاسییش کردی بە ئەمری واقع، ئەو پێموانییە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان بپچڕێت، چونکە ئاستی پەیوەندی هاوبەشی نێوان تورکیا، ئێران، یان کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی وا دەکات نەتوانن پەویەندییەکان بپچڕێنن".
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوامە و شەڕی دژ بە گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لە ئارادایە و سەبارەت بە کاریگەریەکانی سەربەخۆیی لەسەر شەڕی دژ بە داعش، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی: "راگەیاندنی سەربەخۆیی هیچ کاریگەری لەسەر شەڕی دژ بە داعش نابێت، چونکە بەم زووانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسی شەڕی داعش و کۆمەڵێک پرسی دیکەیان کردووە ئەوەش بەو مانایەی کە هەماهەنگییە سەربازییەکان بەردەوامن و ئەمەش وا دەکات کە مەترسییەکانی ئەمریکا بڕەوێتەوە کە پێشووتر رایگەیاندبوو کە کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم باش نیە".
سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا و ئێرانیش لەمەڕ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی: "رەنگە ئەمەیان پرسێکی دیکە بێت، چونکە ئەوان پێیان وایە کە کێشەی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دروست دەبێت، لە حاڵەتێکدا هەموو باش دەزانن کە یەکێک لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەی کورد بووە، واتا دەبێت بپرسین کە ئەمە چارەسەرکرنی کێشەکانە یان دورستکردنی کێشەی نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە بەو شێوەی کە ئێستا هەیە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ناسەقامگیری و هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندی وڵاتەکان، بەڵام لە حاڵەتێکدا هەرێمی کوردستان وەکو دەوڵەتی کوردستان سەربەخۆیی وەرگرێت، ئەوا سەروەری تەواوی خۆی دەبێت و سەروەری بەسەر سنووری خۆیەوە دەبێت، بۆیە نە سنووری کوردستان و نەخاکی کوردستان نابێتە پێگەیەک بۆ لێدانی بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ".
عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتیشی: "حکوومەتی عێراق چەندین رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتاندا هەیە و رەنگە رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکات، ئەوکات دەوڵەتی کوردستان دەبێتە میراتگر و رەنگە رێککەوتنی تازەتریش بکرێت، ئەگەر ئێمە بە دیوێکی دیکە سەیر بکەین دەبینین سەربەخۆیی کوردستان لە بەرژەوەندی هەموو ئەو وڵاتانەدایە کە ئێستا نیگەرانی خۆیان لەو پڕۆسەیە دەربڕیووە".
سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی کۆمەڵیک قەیرانی ئابووری و سیاسیی لەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی: "میللەتی کوردستان لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی ناخۆشی زۆری بینیووە و ئامادەیە بەرگەی هەر ناخۆشییەکی دیکە بگرێت چونکە با هیچ لایەنێک بیری بۆ ئەوە نەچێت کە بە رێگای دانانی ئابلوقە، رێگا لەو پڕۆسەیە بگرن، دەبێت لە ئیستادا هەموولایەنەکان خۆیان بگونجێنن لەگەڵ دەوڵەتی نوێی کوردستان و ئەمەش بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانمان باشە".
news_share_descriptionsubscription_contact

