پاریس
لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە وڵاتەكەی دەكات و دوای ئەوەی هاوڵاتییەكی وڵاتەكەی لەلایەن گروپێكی نزیك لە داعش لە جەزائیر رفێنرا، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا هاوڵاتیانی خۆی ئاگادار كردەوە لە چوونیان بۆ نزیكەی 30.
لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا هاوڵاتیانی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە و داوای لێ كردن زۆر وریابن لە وڵاتانەی بۆی دەچن یاخود تیایدا دەژین، كە نزیكەی 30 وڵات دەبن و زۆربەیان لە وڵاتانی باكووری ئەفریقا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە بیابانییەكان پێكهاتوون.
ئاگادارییەكە، بە فەرمانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لاورێنت فابیۆس، بڵاوكراوەتەوە و تیایدا داوا لە هاوڵاتیانی فەڕەنسا دەكرێت كە لەو وڵاتانەی ناویان هاتووە دەژین، دەستبەجێ پەیوەندی بكەن نوێنەرایەتیەكانی وڵاتەكەیانەوە لەو وڵاتانەدا.رێكخراوی بەناو "سەربازانی خەلیفە" لە جەزائیر، كە سەربە رێكخراوی تیرۆریستی داعشن، رۆژی دووشەممە لە خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە هاوڵاتییەكی فەڕەنسی یان ڕفاند، راشیگەیاندبوو ئەگەر فەڕەنسا لە ماوەی 24 كاتژمێردا كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكانی نەهێنێت لە عێراق ئەوا ئەو هاوڵاتییە دەكوژن.
لای خۆیەوە، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بێرنارد كازۆنۆف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وڵاتەكەی لە هەڕەشەكانی داعش ناترسێت كە ئاراستەی هاوڵاتیانی فەڕەنسی دەكات و گوتی هەموو رێو شوێنێكی ئەمنیان گرتۆتە بەر و بەردەوامیش دەبن بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانیان.